ورمێ؛ سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بۆ جاری دووهەم لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە
            ١٠ ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دیسانەوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتن ڕادەستی دادگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.
سیداد شێرزاد، یەکێک لە پارێزەرەکانی دۆسییەی ئەم بەندکراوە کوردە لەمبارەوە لە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی: "سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بۆ جاری دووهەم شکا. بەخۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ شەممە ١٠ی خەزەڵوەر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی بریگرتەکەمان ناسر بەکرزادە بە من و هاوکارەکانم ئەمیر ڕەئیسیان و نیهاد ئێراندووست ڕاگەیەندرا. لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات ئەم سزایەی بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و سەرنجنەدانی بەڵگەکانی بێتاوانبوونی بریگرتەکە بۆ جاری دووهەم هەڵوەشاندەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە و سەرنجدانی ئەم هۆکارانە، ڕەوانەی دادگای ئینقلای ورمێ کردەوە."
بەکرزادە، ماوەیەک پێش بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بۆ جاری دووهەم، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.
لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە دادگای ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.