زاهیدان/ هەڵسووکەوتی نەشیاوی مەئموورانی کەلانتەری گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە

15:19 - 11 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی کەلانتەری ١٢ی شاری زاهیدان بەبێ هیچ بەڵگە و بڕیارێکی قەزایی پیاوێکی بە تەمەنی شاری زاهیدانیان دەستبەسەر کرد و دواتر تەرمەکەی دەدەنەوە بە بنەماڵەکەی.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەئموورانی کەلانتەری ١٢ شاری زاهیدان هێرشیان کردووەتە سەر دوکانی پیاوێکی ریش سپی بە ناوی \"حاجی نیاز محەممەد ڕەخشانی \"و بە بێ هیچ بیانوویەک ناوبراو دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان دەیبەن. دواتر کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئەو کەلانتەرییە دەکەن، لەگەڵ تەرمی بێ گیانی ئەو هاووڵاتییە بەرەوڕوو دەبنەوە.

کەمپەینی چالاکانی بەلوچ لە زاری کوڕی ئەو پیاوە ڕیش سپییەوە بڵاوی کردۆتەوە: مەئموورانی کەلانتەری بە دوای دوو کەسی دزدا دەگەڕان و بە دیواری دوکانەکە سەرکەوتن بۆ گرتنی دزەکان، بڵام دواتر محەممەد ڕەخشانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئەم کردەوەش ناڕەزایەتی ئەو بنەماڵەی لێکەوتوەتەوە.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، پاش دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە بەلوچە، مەئموورانی کەلانتەری ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و تەنانەت لە پێدانی دەوا و دەرمانەکەشی خۆیان بواردووە و ئەمەش بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو پیاوە بە تەمەنە.

مەئموورانی کەلانتەری ١٢ پاش ڕووداوی گیان لە دەستدانی ئەو هاووڵاتییە بەلوچە، ئیددعای ئەوەیان کردووە کە ئێمە وەکوو ڕیش سپی ئەو هاووڵاتییەمان بانگهێشت کردووە.