زانیدانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواوبوونی حوکمەکەی لەزیندان ئازاد کرا

20:36 - 12 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ورمێ پاش ٨ سال راگیران لەزیندان و بێبەری بوون لە مەرەخەسی و ملاقات، لەزیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج؛ رەمەزان سەعیدی، کە حوکمی ٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوەی بەسەردا سەپابوو، سەرئەنجام ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ریکەوتی ١٢ی بەفرانبار لەزیندان ئازاد کرا.

\"17643.jpg\"
رەمەزان سەعیدی، پاش ٨ سال راگیران لەزیندان و بێبەری بوون لە مەرەخەسی و ملاقات، لەزیندان ئازاد کرا
رەمەزان سەعیدی تەمەن ٢٨ ساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێوە بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لەحیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە ٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە دادگای پێداچوونەوە و دیوانی باڵای وڵاتی ئێران وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە و سەرجەم ئەو حوکمەی بەبێ هەبونوی مەرەخەسی لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج تێپەڕ کرد.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لە زیندان، چەندین جار بەهۆی نەبوونی مافی مەرەخەسی مانی لەخواردن گرتبوو.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاوبوونەتەوە، زیندانیانی سیاسیی کورد تەنیا لەکاتی تەواوبوونی حوکمەکەیان حوکمەکەیان لەزیندانەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و لە رۆژانی رابردووشدا قاسم رەحیمی ئازەر زیندانیی سیاسیی کورد پاش تەوابوونی حوکمەکەی کە ٤ ساڵ بوو، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ئازاد کرا.