زانکۆی کوردستان رێزی لە مامۆستا عەزیزی شارۆخ گرت+وێنـە

13:33 - 7 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بۆ رێز گرتن لە مامۆستا عەزیزی شارۆخ هونەرمەندی ناسراوی کورد، بە ئامادەبوونی ئەو هونەرمەندە رێوڕەسمێک لە زانکۆی کوردستان بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی رەشەمە ئەنجومەنی مۆسیقای زانکۆی کوردستان بە مەبەستی رێزلێنان لە عەزیز شارۆخ رێوڕەسمێکی بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ئەو هونەرمەندە کوردە بەرێوە برد.

هەوالنێری کوردپا لە زانکۆی کوردستانەوە رایگەیاند؛ لەو رێوڕەسمەدا ژیاننامەی مامۆستا عەزیز شارۆخ لە قاڵبی فیلمێکدا پیشان دراو پاشان گرووپی مۆسیقای شاری سنە بە گۆرانیبێژیی سەلاح حەکیمی چەند پارچە گۆرانی پێشکەش کرد.

\"18502.jpg\"
مامۆستا عەزیزی شارۆخ هونەرمەندی ناسراوی کورد
لە بڕگەیەکی ئەو رێوڕەسمەدا، مامۆستا عەزیز شارۆخ وێڕای بەخێرهێنانی میوانان و دەستخۆشی کردن لە بەرێوەبەرانی رێوڕەسمەکە، چەند گۆرانییەکی پێشکەشی ئامادەبوان کرد.

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بە پێدانی خەڵات و چەپکە گوڵ رێزیان لە هونەرمەندی کورد عەزیز شارۆخ گرت.

ئەو رێوڕەسمە، کەلە ساڵۆنی مەولەویی زانکۆی کوردستان بەڕێوەچوو، هاوسەر و دوو کچی مامۆستا عەزیزی شارۆخ و هەروەها شەهرام عەلی‌محەممەدی نووسەری کورد و چەندین ئەدیبی دیکەی کورد لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون.

عەزیز شارۆخ ساڵی ١٣١٧ لە شاری مەهاباد دیدەی بە جیهان هەڵێنا و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆ مەهابادەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٤٠ وەکوو مامۆستا دەستی بە کار کرد و ساڵی ١٣٤٢ لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر و پاش ٣ ساڵ دەستبەسەری لەزیندان ئازاد کرا.

عەزیزی شارۆخ قەتاربێژێکی بەتوانا و لە ئێران، ئێراق و تورکیا ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و بە هونەرمەندێکی نێونەتەوەیی دادەندرێت.
\"18503.jpg\"

\"18504.jpg\"