زانکۆ مەسعوودی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:42 - 10 رەشەمه 2721

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زانکۆ مەسعوودی" تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی "ڕەسووڵ"، خەڵکی گوندی "مەلقەڕەنیـ"ـی شاری سەقز، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، زانکۆ مەسعوودی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.