زانا کەسرایی لە زیندانی مەریوان ئیزنی مەرەخەسیی پێدرا

12:09 - 19 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی پێنجشەممە  ١٨ی خاکەلێوە، زانا کەسرایی، زیندانی سیاسیی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لە زیندانی ئەو شارە ئیزنی مەرەخەسیی پێدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ ئیزنی مەرەخەسیی پێدراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠، زانا کەسرایی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩، دادگای ئینقلابی سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاندبوو.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد و ناوبراو لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی سنە کرابوو کە حوکمی ناوبراو بۆ ١ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرابووە.

زانا کەسرایی ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٩، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ۲۲ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.