زانا کەسرایی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا

10:10 - 25 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زانا کەسرایی" کوڕی "هیوا"، تەمەن ۲٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانباری ٩٩، دادگای ئینقلابی سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاندبوو.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد و ناوبراو لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە حوکمی دادگای سەرەتایی ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی سنە کرابوو کە حوکمی ناوبراو بۆ ١ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرابووەوە.

زانا کەسرایی ڕۆژی یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ۲۲ ڕۆژ لە دەسبەسەرکران و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.