\"زامەکانی سەردەشت\" لە لاهەی وڵاتی هولەند پیشان دران+وێنە

15:39 - 24 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، لە میانەی نۆزدەیەمین دانیشتنی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە شاری \"لاهە\"ی وڵاتی هۆلەند، پیشانگەیەکی لە ژێر ناوی \"زامەکانی سەردەشت\"دا کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەرانی ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت بە دروشمی \"سەردەشت شاری ئاشتی\"، بەشدارییان لە نۆزەدەیەمین دانیشتنی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییدا کرد.

نۆزدەیەمین دانیشتنی ئەو رێکخراوە، کە ماوەی ٥ رۆژی خایاند، تیایدا پیشانگەیەک لەژێر ناوی \"زامەکانی سەردەشت\" بەڕووی بەشدارانی دانیشتنەکەدا کرابوویەوە، کە لەلایەن باڵوێز و دیپلۆماتکارە بیانییەکانەوە پێشوازیی گەرمی لێکرا.

یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی شاری سەردەشت رایگەیاندووە، ئەحمەد ئوزمجوو، بەرپرسی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی وێرای سەردانی بۆ ئەو پیشانگەیە، باسی لەسەرەوەبوونی ئاماری قوربانیانی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت کردووە.

نوێنەرانی ئەنجومەنی شیمیایی شاری سەردەشت، داوایان لە بەرپرسی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کردووە، کە بارودۆخی برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیای لە ئاستی جیهاندا زیاتر بە رای گشتی بناسێنن.

سەرۆکی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، هەموو ساڵێک لە ساڵڤەگەری کیمیاباران کردنی شاری سەردەشتدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە.

تالب حەدەد، بەرپرسی ئەنجومەنی شیمیایی شاری سەردەشت، ساڵح عەزیزپوور ئەقدەم جێگری بەرپرسی ئەنجومەن و رەحیم واحیدی، وتەبێژی ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی برینداران و کەمئەندامانی شاری سەردەشت، وەکوو نوێنەرانی ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی کەمئەندامانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، بەشدارییان لە نۆزدەیەمین دانیشتنی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییدا کردووە.

ئەنجەمەنی داکۆکی لە مافی بریندارانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، یەکەمین ئەنجومەنی ولاتی ئێرانە، کە ساڵی ١٣٨١ وەکوو ئەندامی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە شاری لاهەی وڵاتی هۆلەند وەرگیراوەو هەتا ئێستا لە ١٠ کۆبوونەوە دانیشتنی ئەو رێکخراوەیەدا بەشداریی کردووە.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومانی کیمیایی کراو و لە ماوەی مانگێک پاش بۆردمانەکە، ١٤٠ کەس گیانیان لەدەست دا.

هەنووکە زیاتر لە ٨ هەزار کەس بریندار و کەمئەندامی چەکی کیمیایی لەو شارەدا هەیە، کە ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا ناوی ١٥٠ کەسیان وەکوو کەمئەندام و بەرکەوتووی ئەو چەکە کۆمەڵکوژە تۆمار کردووە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ و پاش تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشتدا، تیمێکی ٤٢ کەسیی پزیشکی ، بەمەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوەی پزیشکیی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، سەردانی برینداران و بەرکەوتوانی ئەو شارەیان کرد، کە چاویان بە ٧٠٠ بریندار و کەمئەندامی چەکی کیمیایی کەوتبوو.

پێشتر یەکێک لە بەرپرسانی ئەنجومەنی داکۆکی لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، وێڕای ئاماژەکردن بە بارودۆخی خراپی ئابووریی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و بەتایبەت لە گوندەکانی وەک (رەش هەرمێ و دەوروبەری)، رایگەاندبوو، کە بەرکەوتوانی ئەو چەکە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بچووکترین ئاوڕیان لێ نەرداوەتەوە.
\"23622.jpg\"

\"23623.jpg\"

\"23624.jpg\"

\"23625.jpg\"

\"23626.jpg\"

\"23628.jpg\"

\"23630.jpg\"

\"23629.jpg\"