زارا محەممەدی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرا

10:33 - 19 بەفرانبار 2721

ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانبار، "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین" پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیجرای ئەحکامی دادگوستەریی سنە دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی بۆ کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار، ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، ڕایگەیاند کە حوکمی پێنج ساڵ زیندانی تەعزیریی "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنەوە پشتڕاست کرایەوە.

ساڵی ٩٩، دۆسیەی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرابوو.

پێش لە جێژنی نەورۆز دۆسیەی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردییە، بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردرابوو.

مانگی ڕێبەندانی ٩٩، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیریی "زارا محەممەدی" لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری"، بۆ ٥ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.

"زارا محەممەدی"، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

دوایین دادگاییکردنی "زارا محەممەدی" ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٩٩، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانییەکەی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٩٨، زارا محەممەدی بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

زارا محەممەدی"، ٢ی جۆزەردانی ٩٨، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە شوێنیکی نادیار لە ژووری تاکەکەسیدا بوو و دواتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و شوێنی ڕاگیرانەکەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیندرا. دواتر زارا محەممەدی، لە ڕەوتی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی، وتبووی کە لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژە کە لە ژووری تاکەکەسیدا بووە لەژێر گوشاردا بووە هەتا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگرن.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ٩٨، "زارا محەممەدی"، چالاکی مەدەنیی کورد، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی پارێزەرەکان و بنەماڵەکەی، بۆ کۆبوونەوەی دادڕەسی بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە ڕاگوێزرابوو کە دواتر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە دوا کەوت.

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە دژکردەوە بەرانبەر بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوەکانی زارا محەممەدی، ڕایگەیاندبوو: " زارا محەممەدی لە کاتێکدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نییە و تەنیا تاوانی، ڕاهێنانی منداڵان بە زمانی کوردییە."