رەسووڵ نادری: هەواڵی کۆچی دواییم راست نیە

18:58 - 7 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٧ی سەرماوەز هەواڵێك لەمەڕ کۆچی دوایی رەسووڵ نادری هونەرمەندی ناسراوی کورد بڵاوبۆوە کە ناوبراو لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئەو هەواڵەی بەدرۆ خستەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی رەسووڵ نادری هونەرمەندی بەندبێژ و ناسراوی کورد لەسەر هەندێک ماڵپەڕی کوردی، ئاژانسی کوردپا لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئەو هونەرمەندە، ناوبراو وێرای جەخت کردنەوە لەسەر ناڕاست بوونی ئەو هەواڵە، هەموو لایەکی لە لەشساغی و سڵامەتی خۆی ئاگادار کردەوە.

\"9904.jpg\"
رەسووڵ نادری وتیشی هیچ کێشەیەکی لە باری تەندرووستییەوە نییە و بەردەوام دەبم لەسەر کاری هونەرییەکانم.

رەسووڵ نادری هونەرمەندی بەندبێژ،حەیرانبێژ و قسەخۆشی ناوچەی موکریان لە ناوچەی گەورکایەتیی مەهاباد لە دایک بووە.

لەماوەی تەمەنی هونەریدا گەلێک بەرهەمی بەنرخی گۆرانی، بەند، حەیران و وێژەوانیی زارەکیی تۆمار کردووە کە هەر ئەو بەرهەمە هونەرییانە بوونەتە هۆی خۆشەویستیی ناوبراو لەناو خەڵکدا و لە بووژاندنەوەی فولکلۆری نەتەوەکەیدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە و بە سازکردن و گێڕانەوەی نەقڵ و بەسەرهاتە خۆشەکانی بەگژ نەریتە چەوت و خورافاتەکانی کۆمەڵگادا دەچێتەوە و هاوکات زوڵم و جەوری دەسەڵاتیدارانیش دەداتەە بەر گاڵتە و گەپ.