رەزا شەریفی بۆکانی: حوکمی زانیار و لوقمان مورادی بەرئەنجامی کام تاوانە

13:59 - 24 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک، پشتیوانیی خۆی لە زانیار و لوقمان مورادی دەربڕیوە و بڕیاری حوکمی ئێعدامی ئەو ٢ زیندانییە سیاسییەی مەحکووم کرد.

رەزا شەریفی بۆکانی لەو نامەیەدا داوای لەسەر جەم خەڵکی کوردستان کردووە کە یەکدەنگ، یەک هەڵوێست و یەکگرتوو لە پێناو رزگار کردنی زانیار و لوقمان هەنگاوی کردەیی هەڵبگرن.

نوسخەیەک لەو نامەیە بە ئاژانسی کوردپا گەێشووە کە دەقی ئەو نامەیە وەک خۆی بڵاو دەکەینەوە:

خەڵکی ئازادیخواز
وێڕای ریز و ئەمەگناسی

هەر وەک ئاگادارن ٢ لاوی کورد، \"زانیار و لوقمان مورادی\" خەڵکی شاری مەریوان ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی کوڕی پێش نوێژی شاری مەریوان دەستبەسەر و پاش چەندین مانگ راگیران لە ژوورە تاکە کەسییەکان، لەلایەن دادگای شاری تارانەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە.

هەر چەند ئەو دوو لاوە کوردە هیچکامیان لەو کوشتنەدا دەستیان نەبووە و تەنیا لە ژێر گوساری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناچار بە دانپێدانان کراون، لە حاڵێکدا مەءمووران بەروونی دەیانزانی کە زانیار و لوقمان بێ تاوانن.
ئەو ٢ لاوە کوردە هەتا بەر لە دەستبەسەر کرانیان وەک زۆربەی لاوانی ئەو شارە سەرقاڵی کار و کاسبی کردن بوون و هاوڕی لەگەڵ دایک و باوکیان ژیانێکی ئاساییان بەسەر دەبرد.

مستەفا شێرزادی پێش نوێژی شاری مەریوان کەسێکی پەێرەوی ئاینی سونییە کە بە جلوبەرگی کوردییەوە خۆی دەناسێنێت و بووە بە یەکێک لە مۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پێش نوێژی شاری مەریوان لە بواری ئایینیدا خۆی بە خاوەن هزرێکی راستەقینەی ئایینی دەزانێ لە حاڵێکدا ٢ لاوی تەمەن ٢٤ ساڵی کوردی بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد، لە پشت سەر مستەفا شێرزادییەوە بۆ نوێژ کردن دەوەستن، کەسێک کە عەلی خامنەیی وەک نوێنەری خودا دەناسێت و دەستی ماچ دەکات، من هەڵسەنگاندن و داوەری بۆ ئێوە هاووڵاتییانی کورد دەهیڵمەوە، کەوابوو دەبێ چ چاوەڕوانییەکت لەو کەسە هەبێت. لەلایەکی دیکەوە بەداخم بۆ خەڵکی مەریوان بەتایبەت هاوڕێ و دۆستانی زانیار و لوقمان لەمەڕ ئەو کردەوە نامرۆییەدا هیچ دژکردەوەیەک لە خۆیان بەدیار ناخەن.

ئاا دیسان دەتانهەوێ بێ دەنگی هەڵبژێرن؟ خەڵکی شۆڕشگێڕی کورد، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ تەمەنی خۆیدا بە سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کوردی کوشت و بڕ و بێ سەرو شوێن و ئێعدام کردووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو رەوتو درێژەی هەیە هەر ساڵەی کۆمەڵءک لە رۆلە دەروەستەکانی ئەم نیشتمانە دەبنە قوربانی سیاسەتی دژە مرۆیی حکوومەتی ئێران.

خەڵکی ئازادیخوازی کورد ساڵانێکە لە ژێر چەتری بێداد و رەشە کوژیدا دەژین، لە ئێستادا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەهۆی پێشێل کردنی سەرجەم سەروەرییەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە تەریک کەوتۆتەوە و سیمای راستەقینەی بۆ هەموو خەڵکی ئێران ناسراوە، هەنووکە بۆ کولاندنەوەی برینەکان و رەشپۆش کردنی خەڵکی کوردستان بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات، سەرۆکی دەزگای قەزایی تاران و شەخسی عەلی خامنەیی کە بکەری سەرەکیی ئێعدامی هاووڵاتییانی ئێرانین، بڕیاریان داوە ئەو ٢ لاوە کوردەش وەک سەرجەم کەسانی بێ توانی دیکە ئێعدام بکەن، ئێستا ئەو رۆژەیە کە پێویستە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لهەمبەر ئەو کردەوە دژە مرۆییانەدا راوەستێ و ئیزن نەدەن کە هەموو جارێک فرمێسکی هەزاران دایک لە چاوان قەتیس دەبن و رەشپۆشی باڵ بەسەر نیشتماندا دەکێشێت.

دایکان، باوکان، خوشکان و برایان ئایا زانیار و لوقمان رۆڵەی ئێوە نین کە ئاوەها بێ دەنگیتان هەڵبژاردووە؟

بەڵام هەردووکیان رۆڵەی خێر لە خۆ نەدیوی ئەم نیشتمانە داگیر کراوەن و چاوی هومێدیان لە هیمەیتی ئێوەیە، لە پەنایان یەکدەنگ رابوەستن چونکە لەو رۆژە تەناگانانە دایە ئیناسنی هاوڕەگەز و هاوخوێن پێویستی بە یەکتر دەبێت بۆیە هەر ئێستا هەڵ لە پێناو رزگار کردنیان بدەن.

هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرتاسەری مافی بێ ئەملاو لای ئێوە هاوزمانانی کوردە کە ببنە لەمپەری جێبەجێکرانی ئەو کردەوە نائینسانییە.
پێویستە بگوترێ لمەڕ کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان کە لە مەجلیس دانیشتوون وخۆیان وەک نوێنەری خەڵک لە قەڵەم ئەدەن، بەڕاستی ئەوانە نوێنەری ئێمەی کورد نین، ئەوانە نوێنەری \"وەلی فەقی\"ن. ئەگەر خۆتان بە بەشێک لە خاک و نەتوەی کورد دەزاننبۆچی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ٢ لاوی بێ تاوانی کورد هیچ هەڵوێستێک لە خۆتان نیشان نادەن؟ یان ئەو کاتەی بە دەیان رۆڵەی کورد چوونە بەر پەتی سێدارە بێ دەنگیتان هەڵبژارد.

رەنگە لەبەر ئەوە پشتگیری ئەو ٢ لاوە کردە نەکەن کە نەوەک کورسی، پارە و مووچەکانتان لە قیس بچێت.

هەتا ئێستا ئەو هەموو زوڵم و جیانیەتە لە کوردستان ئەنجام دراوە هیچ کام لەو کوردانەی ناو مەجلیس بۆ یەکجار غیرەتی بەرخۆی نەناوە و لە بەرامبەر رێژیمی داکۆکی لە مافەکانی نەتەوەی کورد بکەن.

بەڕیز دوکتور موحەممەد قەسیم عوسمانی کە خۆت بە کوردی راستەقینە دەزانی، بۆچی هەتا ئێستا بۆ جارێکیش دەنگت هەڵنەبڕیوە و ناڕەزایەتیت نەنواندووە؟ رەنگە لەم رۆژانەدا کوردستان بەرگی ماتەمینی بپۆشێ، بەڵام بەداخم بۆ یەک بە یەکی ئەو کوردانەی کە لە مەجلیسی ئێران دانیشتوون و کەرامەت و مرۆڤایەتیی خۆیان لە پێناو پارە و دراودا فرۆشتووە و لەهەمبەر ئەو ناعەدالەتی و زوڵم زەبر و زەنگەدا تەنیا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە.

من وەک یەکێک لە خزمەتکارانی نیشتمانی خۆم کوردستان لەگەڵ ئەوەیکە بۆ خۆم کەسێکی بەند کراوم، لە هەمان کاتدا رێز بۆ مافی مرۆڤ، ژیانی و کەرامەتی ئینسانەکان دادەنێم، بۆیە داوا لە ئێوە هاونیشتمانانی کورد دەکەم کە تێکرا یەک دەنگ و یەک هەڵوێستلە پێناو رزگار کردنی ئەو ٢ ئازێزە هەنگاوی کردەیی هەڵبگرن.

لە کۆتاییدا وێرای رێز و ئەمەگناسی بۆ حیزبە خاوەن رابردوو و بە ئەزموونەکان، چەپ و سەرجەم پارت، رێکخراو و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کوورد و هەروەها بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەڕێزان مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکەم لە هەر چەشنە هەوڵێک لەمەڕ رزگار کردنی گیانی ئەو ٢ لاوە کوردە لە هیچ چەشنە هەوڵێک درێغی نەکەن و ئیزن نەدەن حوکمی زانیار و لوقمان بچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

هەر وەک دەزانن \"وەلی فەقێ\" بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە لە هیچ چەشنە جینایەتێکی دژە مرۆیی درێغی ناکات و زۆربەی دایکان داخدار و رەشپۆش دەکات، ئومێد دەکەم لەو راستایەدا لە هیچ چەشنە هەوڵێک درێغی نەکەن و هەوڵ بدەن تا پێش بە جێبەجێ کرانی ئەو حوکمە بگرن.

رەزا شەریفی بۆکانی
٢١/١٠/١٣٩١
زیندانی رەجایی شاری کەرەج