رەزا شەریفی بۆکانی بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد کرا

20:27 - 8 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: رەزا شەریفی بۆکانی زیندانیی سیاسیی پێشوو کورد و خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەهابادەوە بانگهێشت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەر لە ئێوارێی رۆژی شەممە رەزا شەریفی بۆکانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەهابادەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە خۆی بەو ناوەندە ئەمنییە بناسێنێت.

سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لەماوەی ٢ رۆژی رابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەهابادەوە تەلەفۆنی بۆ کراوە، خۆی بەو ناوەندە بناسێنێت، کە ئەمە ترس و دڵەڕواکێی لای بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دروست کردووە.

\"19692.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری مەهاباد بانگهێشت کرا
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، رەزا شەریفی بۆکانی لەماوەی رۆژانی رابردوودا چەند دیمانە و وتوێژی لەگەڵ ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا هەبووە، کە پێدەچێت لەو پەیوەندییەدا بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد کرابێت.

رەزا شەریفی بۆکانی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو دواتر لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تاوانی \"هەوڵدان لەدژی تەناهیی نەتەوەیی\" ماوەی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیریی بۆ بڕاییەوە، کە سەرئەنجام رۆژی ٢٢ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ پاش ٣ ساڵ دەستبەسەری لە زیندانی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە پاش ئازادکران لەزیندان، لە کاتێکدا بەمەبەستی وەرگرتنی پاسپۆرت سەردانی ئیدارەی گوزەرنامەی کردبوو، پێی راگەیەندرابوو کە مافی چوونە دەرەوە لە وڵاتی نییە.