رەزا شەریفی بۆكانی هەمیسان لە چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەری كرا

15:24 - 31 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: رەزا شەریفی بۆكانی زیندانیی سیاسیی كورد دوای یەك جار مەلاقاتی \"كابینی\" لەگەڵ دایكی، دیسان لە دیدار لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەری كرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بەپشت بەستن بە سەرچاوەیەكی ئاگادار، چەند رۆژ لەمەوبەر و لەكاتی سەردانی بنەماڵەی شەریفی بۆكانی بە مەبەستی چاوپێكەوتن، لەلایەن هێزە نیزامییەكانی زیندانی رەجایی شەهرەوە پێیان راگەیەندراوە كە ناتوانن چاویان بە كوڕەكەیان بكەوێ‌.

بێبەری بوونی ئەو زیندانییە سیاسیە لە چاوپێكەوتن لە حاڵێك دایە كە ماوەیەك لەمەوبەر و دوای ماوەیەكی زۆر بێبەش بوون لە مەلاقات، لێپرسراوانی زیندان ئیزنی ئەوەیان دابوو كە رەزا لە ملاقاتێكی \" كابینی\"دا چاوی بە دایكی بكەوێ‌، بەڵام هەمیسان مەلاقاتی لەگەڵ بنەماڵەكەی لێ‌قەدەغە كراوە.

رەزا شەریفی بۆكانی بەهۆی وتووێژ لەگەڵ راگەینەرەكان و بەتایبەتی وتووێژ لەگەڵ ئەحمەد شەهید لە بەرنامەی دەنگی ئەمریكا، ماوەیەكە كە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی ـ قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە زەخت و گوشاری خراوەتە سەر.