رەحیم جیهان‌بەخش: کۆکردنەوەی ماهوارە ئەرکی سەرەکیی هێزە ئینتزامییەکانە

16:25 - 7 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی نوێی بەنگاری و کۆکردنەوەی ماهوارە بە هاوکاریی چەندین تیمی نهێنی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەست پێ دەکات.

\"رەحیم جیهانبەخش\" بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی پۆلیس و ئەمنیەتی گشتیی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە کۆبوونەوەی ستادی پێشگیری و دادەوەریی ئەو پارێزگایەدا رایگەیاند: پێویستە بۆ پێک هێنانی ئەمنیەت لەو پارێزگایەدا چەندین تیمی نهێنی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە مەبستی هاوکاریی هێزە ئینتزامی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێک بهێنرێت.

هەواڵدەریی \"فارس\" لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاوی کردەوە، ماهوارە یەکێک لە گرینگترین کەرەسەکان بۆ بە لاڕێدا بردنی کۆمەڵگەیە و نەهێشتنی ماهوارە لە ناو کۆمەڵگەدا تاکە رێگەی بەرنگار بوونەوە و کەم کردنی تاوانەکان دایه.

\"10433.jpg\"
ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ماهوارە ئەرکی سەرەکیی هێزە ئینتزامی و نیزامیییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە و پێویستە تیمە نهێنییەکان لەم پێوەندییەدا هاوکاریی ئەو هێزانە بکەن.

بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی پۆلیس و ئەمنیەتی گشتیی ئەو پارێزگایە ئاشکرای کرد، کاناڵە ماهوارەییەکان تەنیا لە راستای لە ناو بردنی دین و ئایینی خەڵکدا هەنگاو دەنێن و پێویستە هەموو لایەک بە ئامادەییەوە بەرنگاری ببنەوە.

بەپێی بڕیارێکی هەیئەتی وەزیرانی ئێران لە ساڵی ١٣٧٣ـەوە، بەکارهێنانی دەزگای ماهوارە لە ئێران قەدەغەیە و هەر کەس بەکاری بهێنێ، بەپێی یاسای ئەو وڵاتە هەڵسوکەتی لەگەڵ دەکرێت و کەلوپەلەکانی دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا گەڵاڵەی کۆکردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزی ئینتزامیی حکوومەتەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەستی پێ کردووە و بەشێوەی بەربڵاو و نایاسایی کۆ کراونەتەوە.