رێگەیەکی نوێ بۆ ئەستاندنی پارە لەقوتابییانی شاری ورمێ‌

14:33 - 24 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لەیەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ورمێ‌بە بیانووی چاپ کردنی وێنەی قوتابیانی سەرکەوتوو لەسەر بڵاڤۆکەکان، پارە لەقوتابیان وەرگیراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، یەکێک لەقوتابخانە نموونەییەکانی ناحیەی ٢‌ی شاری ورمێ‌، بڕە پارەیەکی بەبیانوووی چاپ کردنی وێنەی سەرکەوتووەکان لە قوتابیان وەرگرتووە.

ئەو قوتابخانە ناوەندییە بە قوتابییانی وتووە، وێنەیان لەسەر بڵاڤۆکی یەکێک لەمامۆستایان کە کاری هەواڵنێریش دەکات، چاپ دەکرێت.

هەموو ساڵێک لەبەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان و لەکاتی ناونووسیی قوتابییان و هەروەها لەکاتی دانەوەی کارنامەدا، لە ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر پارە لە قوتابیان وەردەگیرێت.

ئەمساڵیش بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی قوتابخانەی شارەکانی کوردستان بە زۆرەملی پارە لەقوتابیان وەرگیراوە و تەنانەت بەرپرسانی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە هەڕەشەی کەم کردنەوەی نمرەی تاقکیردنەوەکان و دەرکردن لە قوتابخانەشیان لە لە قوتابیان کردووە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران لە بەخشنامەیەک کە بۆ سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکانی ناردووە، وەرگرتنی هەر چەنشنە پارەیەکی لە قوتابییان قەدەغە کردووە، بەڵام ئەو بریارە زۆر بە کەمی چۆتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە و تەنانەت ئەو قوتابخانانەی کە سەرپێچی بڕیارەکەش دەکەن، لێپێچنەوەیان لەگەڵ نەکراوە.

بەپێی مادەی ٣٠ یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێ سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتی قوتابخانەکان بەبێ بەرامبەر لە خزمەت قوتابییاندا بێت و بۆ هەر قوتابییەکیش بڕە پارەیەک لەبەر چاو گیراوە.

بەوتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی بەردەوامیی ئەو رستەیەی کە \" وەرگرتنی پارە لەقوتابیان نایاساییە\" لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، وەکوو دروشمی لێهاتووە و وای کردووە کە لەنێوان بنەماڵەکان و لێپرسراوانی قوتابخانەکان کێشە و ئاڵۆزی دروست ببێ‌، ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بۆ خۆی سزای ئەو کەسانە بدات کە بە زۆرە ملی پارە لەقوتابیان دەستێنن.