رێگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینیی وەجدی حاتەمی

16:03 - 16 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعات ئیتلاعاتی ورمێ رێگری لە بەڕێوەبردنی چلەی ماتەمینیی بەرپرسی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کاتێکدا بڕیار بوو رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی بۆ وەجدی حاتەمی، بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی بەڕێوە بچێت، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ مۆڵەتی ئەو رێوڕەسمەی بە بنەماڵەکەی نەدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ رێگری کردنی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتێک دایە، کە بڕیاربوو رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رێبەندان ئەو رێوڕەسمە لە ساڵۆنی نەخۆشخانەی \"ئومید\"ی شاری ورمێ بەڕێوە بچێت.

دەگوترێت، هەوڵی بنەماڵە و چالاکانی فەرهەنگیی شاری ورمێ بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی بەرپرسی کۆچکردووی ئەنستیتۆی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی، هیچ ئەنجامێکی نەبووە و مۆلەتەکەیان پێنەدراوە.

وەجدی حاتەمی چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردی خەڵکی شاری ورمێ رێکەوتی ٤ی بەفرانباری ئەمساڵ لە تەمەنی ٦٤ ساڵیداو لەو شارە کۆچی دوایی کرد و لە زێدی خۆی لە گوندی \"لۆرزینێ\"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بەخاک سپێردرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بە مەبەستی دەستپێکی چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی لە شاری ورمێ، ئەنستیتۆی فەرهەنگی و هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی دامەزراند، کە بە یەکێک لە گەورەترین بنکە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دادەندرا.

ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانی، رێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەسەر داوای ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و لەلایەن مەئموورانی ئەماکنی شاری ورمێ لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا پاش ١١ ساڵ چالاکی ئەدەبی و رۆشنبیری داخرا.