رێگریی ئیتلاعات لەبەڕێوەچوونی کۆڕیادی حەسەن زیرەک لەبۆکان

17:01 - 20 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان لەشاری بۆکان رێگرییان لەبەڕێوەچوونی کۆنسێرتی (یادکردنەوە)‌ی مامۆستا حەسەن زیرەک کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەیی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٨‌ی بانەمەڕ مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان بە هاوکاریی هێزی ئینتزامی، نەیانهێشت کۆڕیادی حەسەن زیرەک لە هۆڵی سیمۆرغی ئەو شارە بەڕێوە بچێت.

\"19878.jpg\"
 ئۆرکێسترای فیلار مونیکی بۆکان
ئەو رێگرییە لەحاڵێکدا بووە، کە \"ئۆرکێسترای فیلار مونیکی بۆکان\" لە یەک ساڵ لەمەوبەرەوە ئامادەکاری بۆ ئەو کۆڕیادە کردبوو و ئەرکی بەڕێوەبردنی بەرنامەکەش لەئەستۆی ئۆرکێسترای فیلار مونیکی بۆکان بوو.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری بۆکان رایگەیاند، ئەو یاد کردنەوەیە لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادەوە مۆڵەتی پێدرابوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات نیو کاتژمێر بەرلە دەستپێکی ئەو کۆڕیادە، رێگری لە بەرێوەچوونی کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای گوتووە، بڕیاری راگرتن و بەڕێوەنەچوونی ئەو کۆڕیادە لەلایەن فەرمانداری شاری بۆکان \" حەسەن عەباسی\"‌ییەوە دەرکراوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، سەرجەم بلیتی ئەو کۆنسێرتە لەشارەکانی کرماشان، ورمێ‌، بۆکان، سنە، سەردەشت، مەهاباد و... فرۆشرابوو و لەئەنجامیشدا بەڕێوە نەچوو.

بڕیار بوو ئەو کۆڕ یادە بە میواندارییەتی هونەرمەندان \"ئێحسان زیرەک\" لەهەرێمی کوردستان و \"سورەیا کەریم زادە\"‌وە بەڕێوە بچێت.

پێشتریش ناوەندە حکوومەتیەیکان لەبۆکان، رێگرییان لەو رێوڕەسمانە کردبوو، کە ژنان تێیدا بەشدار بوون و لەو بارەیەوە هۆشدارییان دابوو.

\"19872.jpg\"
حەسەن زیرەک لەدوای خۆی و لەتەمەنی هونەریی،١٣٠٠ گۆرانیی بەجێ‌هێشتووە
حەسەن زیرەک لە سەرماوەزی ١٣٠٠ لە گوندی هەرمێلەی نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان لەدایک بووەو بەهۆی زیرەکی‌یەوە ناوبانگی زیرەکی لێ‌ندراوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٣٧ دوای ئەوەی کە رادیۆی بەشی کوردی ئێران لەتاران کرایەوە لەگەڵ ژەنیارانێکی وەکوو حوسێن یاحەقی، حەشەن کەسایی، جەلیل شەهناز، جەهانگیر مەلەک و ئەحمەد عێبدی بەرهەمەکانی خۆی پێشکەش بە گوێگرەکان دەکرد.

زیرەک لەساڵەکانی ١٣٤١ هەتا ١٣٤٣ لەگەڵ رادیۆ کرماشانیش هاوکاری کردووە.

مامۆستا حەسەن زیرەک لەماوەی تەمەنی خۆیدا بۆ چەندین جار لەلایەن ساواکەوە خراوەتە ژێر ئەشکەنجە و فشارەوە.

حەسەن زیرەک لەدوای خۆی و لەتەمەنی هونەریی،١٣٠٠ گۆرانیی بەجێ‌هێشتووە و بەیەکێک لە ناسراوترین و خۆشەویسترین گۆرانیبێژانی کورد دێتە ئەژمار.

مامۆستا زیرەک لەپووشپەڕی ساڵی ١٣٥١ بە هۆی نەخۆشی لەشاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.