رێگری کردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئازاد کرانی زیندانییەکی سیاسیی کورد

21:26 - 27 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەهۆی فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیارانەوە رێگری لە ئازاد کرانی زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چوار زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی \"هەنێمن\"ی سەربە ناوچەی کامیاران کە پاش چوار ساڵ راگیران لە زیندان بڕیاری ئازادیی مەشرووتیان بۆ دەرچوو، دەزگای قەزایی لە ژێر فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا رێگری لە ئازاد کرانی یەکێک لەو زیندنیانە بەناوی \"نێعمەت ئیسحاقی\" کرد.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزستیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کران و پاشان حوکمەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەو سێ زیندانییەی دیکە بەناوەکانی \"لوقمان مەنفەردی، سەباح خەیات و پشتیوان ئاسم\" چەند رۆژ پێش ئێستا بەپێی یاسای ئازادیی مەشرووتی زیندانیان لە وڵاتی ئێران، لە زیندان ئازاد کران.