رێگری کردن لە هاتووچۆی کۆڵبەرانی ناوچەی بانە تێکهەچوونی لێکەوتەوە

13:42 - 19 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی رێگری کردنی ‌هێزە نیزامییەکان لە هاتووچۆی کۆڵبەران لە خاڵی سنووریی هەنگەژاڵی بانە، شەڕ و تێکهەچوون هاتوە ئاراوە و کۆڵبەرێک دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کاتێکدا کۆڵبەرانی ناوچەی سنووریی بانە بە مەبەستی کۆڵبەری کردن ئاودیوی سنووری هەرێمی کوردستان ببوون، لەکاتی گەڕانەوەدا لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە رێگرییان لێکرا و بەو هۆیەوە تێکهەچوون لە نێوان کۆڵبەران و ئەو هیزانەدا رووی دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا چەندین کۆڵبەرێک بریندار بوون و کۆڵبەرێکیش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

گوتیشی؛ ئەو رووداوە رۆژی سێشەممەی رابردوو هاتۆتە ئاراوە و ئەو کٶڵبەرەش، کە ناوی محەممەد رەشیدی کوڕی ئەحمەد بوو، پاش ٣ رۆژ لێدان و ئەشکەنجە بە دانانی سەندی خانووبەرەیەک ئازاد کراوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئەو کۆڵبەرە کوردەی خەڵکی گوندی \"گوێزەڵێ\"ی ناوچەی بانە، لە کاتی ئازاد کرانیشیدا لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ٨٠٠ هەزار تمەن بەرتیلی لێ ئەستێندراوە.

\"18263.jpg\"
وێنــه‌ی کاتی دۆزرانه‌وە‌ی ته‌رمی چوار کۆڵبەری کورد له خاکی کوردستانی تورکیه
لەلایەکی دیکەوە چوار کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی رێبەندان لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا ژێر هەرەسی بەفر کەتبوون، پاش ٧ رۆژ لەو رووداوە تەرمەکەیان دۆزرایەوە.

فاخیر شینۆدووكانە، كوڕی ئەحمەد و خەڵكی گوندی گێسیان، شاكر شینۆدووكانە كوڕی ئەحمەد خەڵكی گوندی گێسیان، ئادەم گردی‌پوور كوڕی مستەفا و خەڵكی گوندی شێخ‌زەرد و خەبات شینوزاد كوڕی ئیسماعیل و خەڵكی گوندی دزە\"ی ناوەچەی مەرگەوەڕی ورمێ ناوی ئەو چوار كۆڵبەرە كوردە بوون کە لەو رووداوەدا گیانیان لەدەست داوە.