رێگری لەراگواستنی ژنە زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ زیندانی شاری ماکۆ

14:11 - 22 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان و ناوەندە ئەمنییەکانەوە رێگری لەچوونی بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری ماکۆ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد کە ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵە لەزیندانی دیزڵ ئابادی کرماشانە، هەتا ئێستا بۆ چەندین جار داوای راگواستنی بۆ زیندانی ماکۆ کردووە، بەڵام ئەو داواکارییە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە رەت کراوەتەوە.

\"17796.jpg\"
زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد لەزیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە ساڵی ١٣٨٦ لەشاری کرماشان دەستبەسەرکراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا مافی چاپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەداروە.

لەوپێوەندییەدا هەواڵدەریی \"هرانا\" بڵاوی کردبۆوە، زەینەب جەلالیان لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەتیی زیندانەوە فشاری خراوەتە سەر و ماوەیەک لەمەوبەریش کە تووشی نەخۆشی ببوو، ئیزنی چارەسەریی لەدەرەوەی زیندانی پێ‌‌نەدرا.

دەگوترێت، لێپرسراوانی ئەمنیەتیی داوایان لە زەینەب جەلالیان کردووە، \"کە دەبێ‌ئێعترافی تەلەویزیونی بکات\".

ئەو چالاکە سیاسییە دوای دەستبەسەرکرانی، بە تاوانی \"محاربە\" و ئەندامەتیی لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکان حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.