رێگری لە هاتوچۆی فەرمانبەرانی ئیدارەی پەروەردەی شاری جوانڕۆ بۆ وڵاتانی دەرەوە + بەڵــگە

18:59 - 7 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان، رێگری لە هاتوچۆ و سەفەری فەرمانبەرانی خۆی بۆ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێپرسراوانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری جوانڕۆ لە بڕیارنامەیەکدا بەسەرجەم فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی ئەو ئیدارەیەی راگەیاندووە، کە لە کاتی هاتوچۆ و سەفەر بۆ وڵاتانی دەرەوە، پێویستە بەڵێننامەی تایبەتیی ئەو ئیدارەیە واژۆ بکەن.

بەپێی ئەو بڕیارنامەیە فەرمانبەران و پیرسونێلی ئەو ئیدارەیە ئەرکدار کراون کە لە کاتی گەڕانەوەی سەفەرەکانی دەرەوە، خۆیان بە حیراسەتی ئەو ئیدارەیە بناسێنن.

بڕیارنامەی ئیدارەی پەروەردە کە بەشێوەی نهێنی بە فەرمانبەران راگەیەندراوە، تێیدا هاتووە کە لە ئەگەری سەرپێچی کردنی فەرمانبەران لەو بڕیارنامەیە، بەرپرسیارەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.

نوسخەیەک لەو بڕیارنامەیە کە لەلایەن هەواڵنێرمانەوە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممەی ئەمساڵ لەلایەن بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری جوانڕۆوە راگەیەندراوە.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا هەرێمی کوردستان بەهۆی چەند تایبەتمەندی وێکچووی زمانی، فەرهەنگی، مێژووی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ کوردستانی ئێران، هاووڵاتیانی کوردی ئێران سەردانی ئەو هەرێمەیان کردووە و دەیان فێستڤاڵ و چالاکی فەرهەنگی و هونەرییان بەشێوەی هاوبەش بەڕیوە بردووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بڕیارنامەیەکی دیکەی لەم چەشنە لەلایەن ئیدارەی پەروەردەی پاریزگای کرماشان بڵاو کرایەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کرماشان لە بەخشنامەیەکدا، ئاخاوتن بە زمانی کوردی لە سەرجەم قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندنی ئەو پاریزگایەی قەدەغە راگەیاندبوو.

\"11265.jpg\"