رێکخراوەکانی مەدەنیی حەسەن روحانیان لەمەترسییەکانی ژینگە ئاگادار کردەوە

14:37 - 4 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوەکانی مەدەنیی و ژینگەپارێزی لەنامەیەکدا حەسەن روحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئێرانیان لەسەردانەکەی بۆ سنە، لەمەترسییەکانی ژینگە و سروشتی کوردستان ئاگادار کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کانوونی شاخەوانانی پارێزگای کوردستان، ئەنجومەنی خێرخوازی پارێزگای کوردستان و ئەنجومە ژینگەپارێزەکانی پارێزگای کوردستان داوایان لەحەسەن روحانی کردووە کە بایەخ بە ژینگە کوردستان کە لەبەرەبەری لەناوچوون دایە بدرێت.

ئەو رێکخراوانەی مەدەنیی لەنامەکەدا کە نوسخەیەکیشیان بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ناردووە، ئەوەیان خستووەتەڕوو، کوردستان خاوەنی زەوی بە پیت و بەرەکەتە و سەرەڕای بوونی ئاوێکی زۆری پاشەکەوت کراو بەڵام لە بەشی وەرزێڕی و ئاوی خواردنەوەی پاکدا لەگەڵ گەورەترین کێشە بەرەوڕوویە.

راگرتنی پڕۆژەی بەنداوسازییە ناستاندارد و بێ سەرەوبەرییەکان لەکوردستان و گەڕاندنەوەی مافی ژیان بۆ ژینگەی کوردستان لەداواکارییەکی دیکەی ئەو رێکخراوانە بووە.

لەنامەکەدا باس لەمەترسییەکانی سەر کانی بڵ و فەوتان و لەناوچوونی هەمیشەیی ئەو سەرچاوە ئاوییە سروشتییە کراوە و تێیدا هاتووە کە لێدانی بەندوای ناستاندارد و بێ بەرنامە دەبێتە هۆی لەناوچوونی کانیاوەکە.

ئەو رێکخراوانەی مەدەنیی باسیان لە زرێباریش کردووە و لەو باوەڕدەدابوون کە ئەو زەریاچەیە لە حاڵی حازردا بەدەست بێ مودیرییەتییەوە دەناڵێنێ و لە بوون بە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرانسەری بێبەری کراوە.

لەبەشێکی دیکەی نامەی ئەو رێکخراوانەی ژینگە پارێزی هاتووە کە خاکی کوردستان زۆر بە پیت و نایابە و رۆژ نیە کە بەشێکی بەچاو لەو خاکە لەناو نەچێ و هیچ ناوەندێکی حکوومەتیش وڵامدەر نیە.

لەو نامەیەدا باس لە لێڕەوارەکانی زنجیرە چیای زاگروسینش کراوە و تێیدا هاتووە کە ئەو لێڕەوار و دارستانانە ماوەی چەندین ساڵە و ماوەبە ماوە تووشی ئاگرکەوتنەوە دەبن و تەنانەت بەشێک لە گیانلەبەرەکانیش لەناو دەچن، هەر بۆیە داواکارین کە بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکرێت.

لەدرێژەی نامەی ئەنجومەنە مەدەنییەکاندا باس لەوەش کراوە، تکایە ئاغای رووحانی لە سەردانەکەتان بۆ سنە چاویک بە ئاویەری رەشپۆشدا بخشێنن کە ماوە بە ماوە دەبێتە قوربانی دەستی ئاگر کەوتنەوە.

ئەمڕۆ سەر لەبەیانی یەکشەممە حەسەن روحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئێران سەردانی شاری سنەی کردووە و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارێزگایە کۆببێتەوە.