رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: بۆشایی مافی مرۆڤ لەدانوستانە ئەتۆمییەکاندا بەدیی دەکرێ

14:40 - 20 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لەبەیاننامەیەکدا وێڕای رەخنەی لە وتووێژە ئەتۆمییەکان رایگەیاندووە، لەماوەی دەسپێکی دانیشتنەکانەوە هەتا ئێستا شتێک بەناوی مافی مرۆڤ نەهاتووەتە بەرباس.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەیاننامەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا هاتووە، لەئێران بەر لەکێشەی ئەتۆمی کێشەی مافی مرۆڤ هەیە و پێویسیتە وڵاتانی رۆژئاوایی لەو بوارە زەخت و فشار بخەنە سەر ئێران.

\"28151.jpg\"
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ
ئەو فیدراسیۆنە ئاماژەی بەوەش داوە کە نزیک بوونەوەی ئێران و رۆژئاوا بە مەرجێک کە کۆتایی بە گەمارۆکان بێت شتێکی باشە بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە بیر کردنی پرسی مافی مرۆڤ لەو دانیشتنانەدا خەسارێکی بەرچاو بە خەڵکی ئێران دەگەیەنێت.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردووە هەتا ئێستا دۆخی مافی مرۆڤ زۆر خرابتر لە پێشوو بووە و پێویستە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە ئەو پرسە لەبەر چاو بگیردرێت.

ئەو بەیاننامەیە کە نوسخەیەکی بۆ هەر یەک لە یەکیەتی ئورووپا، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ، ناوی پیلای و چەندین رێکخراوی جیهانی دیکە نێردراوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پرسی مافی مرۆڤیش لە دانوستانەکاندا بگونجێندرێ.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ باوەڕی وایە ئەگەر حکوومەتی ئێران ئێستا مل بۆ چاکسازی لەبواری مافی مرۆڤدا نەدات ئەوە دواتر ملهوڕتر دەبێت و پێشێلکارییەکان لەئێران توندتر دەبنەوە.

بڕیار بوو ماوەی حەفتەیەک لەمەوبەر ئەنجامی کۆتایی دانوستانە ئەتۆمییەکەی نیوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک رابگەیەندری، بەڵام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو جان کێری لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پشوو دریژی لەو دانیشتنانەدا کرد.