رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: زیندانی کردنی "کەبوودوەند" سەرەڕۆیانەیە

15:24 - 8 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: گروپێکی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستبەسەری و زیندانی کردنی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی \"سەرەڕۆیانە\" راگەیاند.

بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو، گروپی بەشی لێکۆڵینەوەی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر دەستبەسەر و زیندانی کردنی \"سەرەڕۆیانە\"، لە دانیشتنێکدا کە بەبێ ئامادەبوونی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەچوو، زیندانی کردنی \"محەممەد سدیق کەبوودوەند\"ی سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دا.

بەپێی ئەم بڕیارە، بێبەری کردنی کەبوودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ئازادیی رادەربڕین نایاسایی‌یە و بە پێچەوانەی بەندەکانی ٩، ١٠، ١١، ١٨، ١٩ و ٢١ی کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەروەها بە پێچەوانەی بەندەکانی ٩، ١٤ و ١٩ی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.
هەروەها بەپێی ئەم بڕیارە، داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراوە کە محەممەد سدیق کەبوودوەند بە مەبەستی چارەسەری بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.
ئەم بڕیارە لە ٦٥مین دانیشتنی ئەو گروپەدا لە رێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەر هەتا ٣ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی راگەیەندراوە و داوا لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراوە کە ئەم خواستە بە شێوەی جیدی لە بەرچاو بگرێت.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بە ١٠ ساڵ زیندان و دواتریش بە تاوانی تەبلیغات بە دژی نیزام لە رێگەی پەیوەندی کردن بە رێکخراوە نێونەتەوەیییەکان و \"کوفی عەننان\" بە ١ ساڵ زیندان و بە گشتی بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەو حوکمە بۆ ١٠ ساڵ زیندنای کەم کرایەوە.

\"11768.jpg\"