رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کوشتاری کۆبانی مەحکووم کرد

16:53 - 9 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا کوشتاری بێ‌بەزەییانەی هاووڵاتیانی مەدەنی و هێرشە تیرۆڕیستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای لەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانی کردووە هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن لە جینایەت و کردەوە تیرۆڕیستیەکانی گرووپی داعش بدات.

نوسخەیەک لەو بەیاننامەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە و لەلایەن ئەو ئاژانسەوە کراوەتە کوردی:

کۆمەڵگای جیهانی بۆ پێشگرتن لەجینایەتەکانی داعش دەبێ هەوڵەکانی وەگەڕ بخات


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە داعش جارێکی دیکە بە هێرش کردنە سەر کانتونی کۆبانی لەرۆژئاوا و داگیرکردنی بەشێک لەو شارە، دەیان کەسیان لە ژن و منداڵی بێ‌تاوانی ئەو شارە سەر بڕیوە و یان کووشتوویانن و هاوکاتیش بە دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ هێرشیان کردووەتە سەر گوندنشینەکان و کردەوەی خۆکوژییان بۆ سەر هاووڵاتییان و هێزەکانی بەرگری لە شاری حەسەکە لە باشووری کانتونی جەزیرە ئەنجام داوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کوژرانی بێرەحمانەی هاووڵاتییانی مەدەنی کانتونەکانی کۆبانی و جەزیرەی لە رۆژئاوای کوردستان، بە دیل گرتنی ئیزدییەکان، فرۆشتنی ژنان، دروست کردنی ترس، ئاوارەکردنی خەڵکی بێ‌تاوان و مەدەنیی لە عێراق و سووریە، کوژرانی دەیان کەس لە کوەیت، کووژرانی گەشتیاران لە تونس لە چەشنی کردەوەکانی داعش کە لە عێراق و سووریە ئەنجامی دەدات مەحکووم دەکات و داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگای جیهانی دەکەین هەرچی خێراتر ئاوڕ لەدۆخی ناڵەباری خەڵکی ناوچەکە و عێراق و سووریە بە تایبەتی دۆخی هەژێنەری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بداتەوە و هەوڵێکی جیددی بۆ پێشگرتن لە کردەوە تێرۆڕیستیەکانی گرووپی داعش بدات.

تاران ٨ی پووشپەری ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٩ی ژوئن ٢٠١٥
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان