رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ پشتیوانی لە مەسعوود شەمس‌نژاد کرد

21:20 - 10 بانەمەڕ 2714
ئاژانس کردپا: پارێزەرانی ناوەندێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، وێڕای رخنەگرتن لەناوەندی پارێزەرانی دادگوستەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، پشتیوانی خۆیان لەمەسعوود شەمس‌نژاد دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەیاننامەیەک لەلایەن پارێزەرانی ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە بەمەبستی پشتگیری لەپارێزەرێکی کورد لە شاری ورمێ بڵاو بۆتەوەو نیگەرانیی خۆیان بەنسیبەت \"بەدواداچوونی یاسایی\" ناوبراو دەربڕیوە.

دادستانی ورمێ مەسعوود شەمس‌نژادی تۆمەتبار کردووە و داوای کردووە کە رۆژی ١٧ی بانەمەڕ خۆی بە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەوشارە بناسێنێت.

پارێزەرانی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەکەی خۆیاندا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و بە پەرۆش بوونی خۆیان لەمەڕ بەدواداچوونی یاسایی ئەو پارێزەی دادگوستەری، پشتیوانی نەکردنی ناوەندی پارێزەرانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایان \"هەژێنەر\" لەقەڵەم داوە، کە تەنانەت پەروانەی پارێزەری ناوبراویان پێش لەدادگایی کردن و دەرکردنی حوکم، هەڵپساردووە.

\"19719.jpg\"
لەو بەیاننامەیەدا داوا لەپارێزەرانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کراوە، کە رۆژی ١٧ی بانەمەڕ بەناردنی نامە و ئیمەیل و یان بەهەر دوو شێوەکە پشتیوانی خۆیان لەمەسعود شەمس‌نژاد دەرببڕن و لەهەمبەر هەڵپساردنی پەروەندەی پارێزەری شەمس‌نژاد داوای وڵامدانەوە لەناوەندی پارێزەرانی دادگوستەری ئەو ئوستانە بکەن.

لەرۆژانی کۆتایی ساڵی رابردوو، مەسعوود شەمس‌نژاد لەلێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاندبوو، کە لەکاتێکدا ویستوویەتی پارێزەریی پەروەندەی مەرگی شەیدا حاتەمی کچە خوێندکاری زانکۆی نازلووی ورمێ بە ئەستۆ بگرێت، لەلایەن هێز ئینتزامییەکانەوە نامەیەکی دادستانی گشتیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوای بەدەست گەیشتووە، کە هەتا \"اطلاع ثانوی\" مافی پارێزەریی نییە.

ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دامەزراوەیەکی ناحکوومییە، کە ساڵی ٢٠١٣ و بەپێی یاساکانی وڵاتی بریتانیا دامەزراوە و شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل یەکێک لە دامەزرێنەران و سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە.

پێشتر شیرین عیبادی باسی لەوە کردبوو: \" دەزگای دادوەری ساڵانێکە کە سەربەخۆیی خۆی لەدەست داوە و بووەتە لقێکی وەزارەتی ئیتلاعات و دادوەرەکان لەسەر وتە و بڕیاری ناوەندە ئەمنیەیکان حوکم دەر دەکەن\".