رێژەی خوێندكارانی مانگرتوو لە سنە لە رۆژی دووەمدا لە هەزار كەس تێپەڕی

19:07 - 1 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: رێژەی خوێندكارانی مانگرتوو لە زانكۆی كوردستان لە سنە كە بەهۆی گرانتر كردنی نرخی غەزا و بڕینی وادەی خۆراكی رۆژانی پێنجشەممە مانیان گرتووە، لە رۆژی دووەمدا لە هەزار خوێندكار تێپەڕی.

یەكێك لە خوێندكارانی مانگرتوو لە زانكۆی كوردستان لە سنە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بۆ دووەمین جار لەناو هەر دوو \"سلف سرویسی\" واتە بەشی \"فەنی و ئەندازیاری و كۆلیژی ئەدەبیات\"ی ئەو زانكۆیە لە كاتی نانی نیوەڕۆدا دەستیان دایە ناڕەزایەتی و مانیان گرت.
\"9503.jpg\"
ئەو خوێندكارە مانگرتووە ئەوەشی خستە روو كە زیاتر لە هەزار خوێندكار ئەمڕۆ دووشەممە دەستیان دایە ناڕەزایەتی و بە وەرگرتنی وادەی غەزایی لە خواردنی خۆیان بواردووە و لە حەرەكەتێكی ئیعترازیدا هەموو خواردنەكانیان هەتا بەردەم بینای \"دەفتەی نوێنەرایەتیی وەلیی فەقیه\" لەناو زاكۆی كوردستان ریز كردووە و بەم چەشنە ناڕەزایەتیی خۆیان بە خراپیی غەزا، گرانتر بوونی نرخەكە و بڕینی وادە غەزای رۆژانی پێنجشەممە دەربڕیوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، هەتا ئێستا لێپرسراوانی پێوەندیداری زانكۆی كوردستان وەڵامی داخوازییەكانی خوێندكارانی مانگرتوویان نەداوەتەوە و خوێندكارانیش رایانگەیاندووە، هەتا ویستەكانیان دابین نەكرێت، بەردەوام دەبن لە مانگرتن.