رێپۆرتێرانی بێسنوور، حوکمی زیندان و لێدانی قامچی بۆ بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی لە خۆی و ورمێیان مەحکووم کرد

14:23 - 8 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕیپۆرتێرانی بێسنوور، حوکمی زیندان و لێدانی قامچی بۆ بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرامیی لە خۆی و ورمێیان، به \"نامرۆڤانه و بەدوور له کەرامەتی مرۆیی\" ناو برد.

ڕیپۆرتێرانی بێسنوور، دەرکردنی حوکمی زیندان و لێدانی قامچی بۆ \"سەلاحەدین ڕەنجبەر\"، بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامیی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\" و \"محەممەدحوسێن سەوداگەر\"، بەرپرسی کاناڵی \"سۆزباز نیووز\"یان مەحکووم کرد.

ڕیپۆرتێرانی بێسنوور، ڕایگەیاندووە: \"سزای چاخی بەردینەییی لێدانی قامچی، لێدانی جەستەیی بێڕەحمانه، نامرۆڤانه و بەدوور له کەرامەتی مرۆیییە و پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەیییەکان لە نێوان کۆنوانسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژی ئەشکەنجه و کردەوە و سزا زاڵمانەکانی دیکە، نامرۆڤانه و ئازاردەرە\".

ئەم ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە ئازادی ڕادەربڕینە، ڕایگەیاندووە، که حکوومەتی ئێران ئەم کۆنوانسیۆنەی واژۆ نەکردووە.

\"سەلاحەدین ڕەنجبەر\"، بەرپرسی کاناڵی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\"، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار، بۆ بە تێپەڕاندنی یەکساڵ حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندان کرا. ناوبراو لە سەرماوەزی ٩٦دا بۆ ڕووماڵی هەواڵی ناڕەزایەیتدەربڕینەکان لە هەمبەر ئازاری جنسیی قوتابییە ١٣ ساڵەکان دەسبەسەر کرا، بەڵام پاش دوو حەوتوو به دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی تا دەرکردنی حوکمەکەی ئازاد کرابوو. لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا، لقی یەکی دادگای ورمێ ناوبراوی به تۆمەتی \"هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوە و بشێوی\"، به ساڵێک زیندان مەحکووم کرد و ئەم حوکمەش لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوە پەسەند کرا.

\"محەممەدحوسێن سەوداگەر\"، بەرپرسی کاناڵی \"سۆزباز نیووز\" پاش سکاڵای یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شار، به لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرا و ئەم حوکمه، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانباری ١٣٩٧، جێبەجێ کرا. \"مەجید موقەدەم\"، ئەندامی شۆرای شاری \"خۆی\" لە پڕوپاگەندەکانی تایبەت به کاتی هەڵبژاردندا، خۆی بە خاوەنی بڕوانامەی دوکتورا و بلیمەتی ساڵ ناساندبوو، \"سۆزباز نیووز\"یش زانیاریەکی سەبارەت به نادروستبوونی ئەم پڕۆپاگەندەیە بڵاو کردبووەوە. لە مانگی گوڵانی ١٣٩٧دا، محەممەدحوسێن سەوداگەر، بانگهێشتی دادگا کر،ا بەڵام به هۆی نەهاتنی سكاڵاکەر، دادگایییەکه دوا خرا.

دوو مانگ پاش ئەم بانگهێشتە، ناوبراو به شێوەی ئامادەنەبوون مەحکوومبوونەکەی خۆی به تاوانی \"تۆمەت و بڵاوکردنەوەی درۆ\" پێگەیشت.

لە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباردا، هێزەکانی پولیس ئەم هەواڵنێرەیان دەسبەسەر کرد و هەر لەو ڕۆژەدا، حوکمەکەی جێبەجێ کرا.