رێوڕەسمە ئوستوورەییەکانی پیرشالیار لە هەورامان بەڕێوەدەچن+وینە

15:57 - 16 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا:بە هەزاران هاووڵاتیی کورد لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشدارییان رێوڕەسمی کۆن و لەمێژینەوەی شاری بچووکی هەواراماندا کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو شاری هەورامان میوانداریەتیی لە ئۆگرانی رێوڕەسمی لەمێژینەی زەماوەندی پیرشالیاردا کرد، کە هەموو ساڵێک لە دوایین ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممەی نیوەی مانگی رێبەنداندا بەڕێوەدەچێت.

رێوڕەسمی ئەمساڵ، کە رۆژی رابردوو دەستی پێکردووەو هەتا رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی رێبەندان درێژەی دەبێت.

هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی هەورامانەوە رایگەیاند؛ سەرەڕای بەشداریی زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچە، گەشتیاران و ئۆگرانی فەرهەنگی کوردستان لە رێوڕەسمی پیرشالیاردا، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، خەڵکێکی کەمتر بەشدارییان تێدا کردبوو.

گەشتیارێکی خەڵكی سنە بە هەواڵنێری کوردپای گوتووە؛ ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆمەلێک لێکۆڵەری فەڕانسەیی، ئاڵمانی و تورکیایی لەو رێوڕەسمەدا بەشدارییان کردووە.

رێوڕەسمی پیرشالیار لە دوو وەرزی بەهار و زستاندا بەڕێوەدەچێت، کە جێژنی بە کۆمسای ٤٥ رۆژ پاش نەورۆز ئەنجام ئەدرێت و وشەی (کۆم) بە مانای کۆمەڵ و (سای) بە مانای ساوینەوەیە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار لە شاری هەورامان، پیشانگەیەکی پیشە دەستییەکانیش بەڕێوەچووە.

\"24570.jpg\"
سێ گەشتیاری بیانی لە رێوڕەسمی پیرشالیاردا
هەورامانی تەخت، کە سەربە شرستانی سەوڵاوا لە ئوستانی کوردستانە، نزیک بە ٤ هەزار کەس حەشیمەتەوە لە ١٦٠ کیلۆمیتریی شاری سنە هەڵکەوتووە و ساڵی ٩٠ بووە بە شار.

ئەم رێوڕەسمە لە چەندین بڕگەی جیاوازی وەکوو \"خەبەر\" و \"کڵاو و رۆچنە\" و قوربانی کردنی مەڕ و ماڵات لە خۆ دەگرێت، کە ە گۆشتی ئاژەڵە سەربڕدراوانە، خواردنێکی تایبەتی دروست دەکرێ و بەسەر بەشداراندا دابەش دەکرێت.

بیرئانینی ئوستوورەکانی زەماوەن، دەف ژەنین و زکری عیرفانی دەروێشەکان کۆتایی رێوڕەسمەکەیە و سەرئەنجام شەوی هەینی لە ماڵی پیری \"شب نیشت\" و بە زکر و شێعر خوێندنەوە کۆتایی بە رێوڕەسمەکە دێنن.

ساڵی رابردوو، لێکۆڵەرێکی کورد لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا ، پەیوەندیی نێوان رێوڕەسمی پیرشالیاری لە بەهار و زستاندا لەگەڵ ئایینی ئیسلامی رەت کردەوەو رایگەیاندبوو؛ ساڵی ١٩٩٠ی زایینی من ئەو باسەم لە ئەنجومەنی موغانی تاران وروژاند کە پیرشالیار هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلام و عەرەبەکانەوە نییە و یەکێک لە کەسایەتییە مەزنەکانی ئایینی مەزدیەسنا بووە، جێژنی پیرشالیار مێژووەکەی بۆ ١٧٤٦ ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە.

بە گوتەی جەلیل عەباسی؛ دوو شالیار لە ناوچەی هەورامان هەن کە یەکێکیان (شالیارە سیاو یان هەمان گوشایشە کوێر)ـە و ئەوی دیکەشیان پیرشالیارە، لە هەموو شوێنیکدا ئەگەر پێشگری پیر یان بابا لەگەڵ ناوێکدا بێت بەبێ ئەملاولا بۆ سەردەمی مەزدیەسنا دەگەڕێتەوە، کە پاش هاتنی ئیسلام پیر و بابا بۆ شێخ و سەید گۆڕدرا.

وێنە: ماڵپەڕی هەواڵ و شرۆڤەی هەورامانات
\"24562.jpg\"

\"24560.jpg\"

\"24559.jpg\"

\"24558.jpg\"

\"24563.jpg\"

\"24564.jpg\"

\"24569.jpg\"

\"24568.jpg\"

\"24565.jpg\"

\"24566.jpg\"

\"24561.jpg\"