رێوڕەسمی یادی قوربانیانی شیمیایی ناوچەكانی كوردستان لە شاری هەمەدان بەڕێوە چوو

16:47 - 15 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بە هاوكاریی خوێندكارانی كوردی زانكۆی \"بوعلی سینا\"ی هەمەدان رێوڕەسمێك بەمەبەستی یاد و بەرز نرخاندنی قوربانیانی شیمیایی ناوچەكانی كوردستان بەڕێوە چوو، لەم یادەدا پاش بڵاو كردنەوەی كورتە فیلمێك لە كارەساتی هەڵەبجە، دوو هونەرمەند بە ناوەكانی عەزیز كرماشانی و رامین پارچە مووسیقایەكیان پێشكەش كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رەزا ئەسەدی لێپرسراوی ئەنجومەنی كوردی زانكۆی بووعەلی سینا، وێڕای ئاماژە دان بە ئامانجی ئەو رێوڕەسمە، وتی: پێویستە خۆمان لە كردەوەی نادروست بپارێزین و بە مەبەستی پێشخستن و بردنە سەری ئاستی زانیاریی خوێندكاران، هەنگاوی جیدیی هەڵبگرین.

\"عوسمان موزەین\" نوێنەری قوربانیانی شیمیایی سەردەشت سەرەتا باسێكی لە پێوەندیی ناساندنی شاری سەردەشت كە ساڵی 1366دا زیاتر لە 8 هەزار كەس تێیدا بەهۆی شیمیایی بریندار بوون كرد و وتیشی: دوای تێپەڕینی چەندین ساڵ لەو كارەساتە ئێستاش ئەو پرسە خراوەتە پەراوێزەوە و كەمتر باسی دەكرێ‌و دەبێ‌ئەو پرسە زیاتر بوروژێنرێ‌و نەوەی ئەمڕۆ پێویستە بزانن كە نەتەوەكەی چ كارەساتێكی دڵتەزێنی بەسەردا هاتووە و سەرەڕای هەموو ئەو كەند و كۆسپانە ئێستاش لەسەر پێی خۆی راوەستاوە.

موزەین لێپرسراوی كۆمیتەی حقووقیی ئەنجومەنی بریندارانی شیمیایی سەردەشت باسی لە نەبوونی ناوەندێكی دەرمانی، پزشكیی پسپۆڕ و ئیمكاناتی پێویست بۆ قوربانیانی شیمیایی كرد و لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا ئەوەشی خستە روو،دوای تێپەڕینی دوو ساڵ لە پەسەند كردنی یاسای پێكهێنانی كۆمیسیۆنێك بە مەبستی دیاری كردنی پلەی زیان بەركەوتووەكان هەتا ئێستاش ئەو یاساییە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە.

ئەو بەرپرسە وتیشی: ئەو كارەساتە نەتەوەییە پێویستە لەلایەن لێپرسراونی حكوومەتییەوە بایەخی پێبدرێ‌هەتا مافی ئەو بریندارانە وەدی بێت.

لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا مامۆستا ئاسۆ شاعیری بە ناوبانگی كورد كە لە رۆژی 7‌ی پووشپەڕی ساڵی 1366 دا بۆ كارەساتی سەردەشت شێعری خوێندبووە، پاش لەقەڵەم دانی كارەساتی هەڵەبجە بە لە ناو بردنی نەتەوەیەك، شێعرێكی پێشكەش بە رێوڕەسمەكە كرد.

هەروەها سیامەك محەممەدی و فریشتە قوربانی لە خوێندكارانی زانكۆ پارچە شێعرێكیان پێشكەش كرد و دواتریش پیشانگایەك لە وێنەكانی كارەساتی بۆردمانی شیمیایی سەردەشت پیشان درا.