رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەسەد چراغی لە زێدی خۆی+وێنە

14:26 - 27 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: تەرمی مامۆستا ئەسەد چراغی لە زێدی خۆی لەنێو ئاپۆرای شاعیران و ئەدیبانی کورد بە خاک سپێردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە، رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شاعیر و ئەدیبی ناسراوی ناوچەی کرماشان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی گوندی \"کانی شەریف\"ی سەربە شاری روانسەر بەڕێوەچوو.

لەو رێوڕەسمەدا، کە تیایدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە کەسایەتییە ئەدەبی و فەرهەنگی‌یەکانی کورد بەشداربوون، ژمارەیەک لە شاعیرانی کورد، کە بۆ کۆچی مامۆستا ئەسەد چراغی شێعریان هۆنیبوویەوە، شێعرەکانیان لەو رێوڕەسمەدا خوێندەوە.

\"19389.jpg\"
 ئەسەد چراغی شاعیری ناسراوی کورد، کە لە تەمەنی شاعیریی خۆیدا دەیان شێعری بە زاراوەی کەلهوڕی بە باڵای کرماشاندا هۆنیبوویەوە، رێکەوتی ٢٤ خاکەلێوەی ئەمساڵ لە ماڵی خۆیدا لە شاری کرماشان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

زۆربەی شێعرەکانی مامۆستا ئەسەد چراغی لە قاڵبی حیماسی و نیشتمانی‌دا بوون، هەربۆیە زۆرێک لە گۆرانیبێژان و هونەرمەندانی کوردی وەکوو حوسێن سەفامەنش شێعرەکانی ئەو شاعیرە کوردەیان لە قاڵبی گۆرانیدا وتۆتەوە.

ئەسەد چراغی یەکێک لە شاعیران و لێکۆڵەرەکانی کولتووری گەورەکانی کرماشان و هەروەها ئەندامی کۆمەڵەی پاراستن و زیندووکردنەوەی ژینگەی کوێستان (پەڕاو) بوو.

ئەسەد چراغی ساڵی ١٣٠٩ لە گوندی \"کانی شەریف(شابوار)\"ی سەربە شاری روانسەر، لە ئوستانی کرماشان لەدایک بووەو سەرئەنجام لە تەمەن ٨٤ ساڵیدا و لە رۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە کرماشان کۆچی دوایی کرد.
\"19371.jpg\"

\"19372.jpg\"

\"19374.jpg\"

\"19375.jpg\"

\"19376.jpg\"

\"19377.jpg\"

\"19378.jpg\"

\"19379.jpg\"