رێوڕەسمی شایی لە ورمێ ١٠ کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

14:47 - 21 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی داڕمانی بەشێک لە باڵەخانەیەک لە ورمێ، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی بەشدار لە رێوڕەسمی شایی و هەڵپەڕکێدا، کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا لە شارۆچکەی \"تەرزیلوو\"ی ورمێ باڵکۆنی بینایەک بەسەر کۆمەڵێک لە بەشدارانی رێوڕەسمی شایی\"دا داڕما و بەو هۆیەوە کەسێک بەناوی \"عیسا کەریمی\" کوڕی ئیسماعیل خەڵکی گوندی \"کوجار\"ی سەربە بەخشی سیلوانە گیانی لەدەست دا.

ئەو رووداوە رێکەوتی ١٨ی رێبەندان هاتۆتە ئاراوە و ١٠ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە توندی بریندار بوون و بارودۆخی تەندروستیی کەسێکیان بەناوی \"سەید کەماڵ حوسێنی\" کوڕی سەید عەلی ناجێگیرە.