رێوڕەسمی ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر لەزیندانی رەجایی شار

16:46 - 18 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی لەناو زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە کۆمەڵێک لەزیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمێک، یاد و ناوی کەمانگەرییان بەرز نرخاند.

ئەو رێوڕەسمە لە بەرەبەری چوارەمین ساڵڤەگەڕی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و چوار زیندانیی سیاسیی دیکە لە ١٩‌ی بانەمەڕی ٨٩دا، بەڕێوە چووە.

ماڵپەڕی رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، زیندانیانی سیاسیی گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج لەو رێوڕەسمەدا، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە و تێیدا یاد و ناوی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی بەرز نرخاندووە.

بەشدارانی رێوڕەسمەکە باسیان لەوەش کردووە، کە رۆژی \"هەینی\" بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانیدا مان دەگرن.

فەرزاد کەمانگەر، چالاکی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و مامۆستای کورد سەر لەبەیانی رۆژی یەک شەممە رێکەوتی ١٩‌ی بانەمەڕی ١٣٨٩ هاوڕێ‌ لەگەڵ عەلی حەیدەرییان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلم هوولی و مێهدی ئیسلامیان لەزیندانی ئێڤین لەسێدارە دران.

فەرزاد لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانی ئەندامیەتی لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکانی درابوویە پاڵ.