رێوڕەسمی رێزلێنان لە گوندی ژینگەپارێزی "نێ‌" بەڕێوە چوو

14:24 - 31 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن \"ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان\"ەوە كۆڕی رێزلێنان لە كار و چالاكیی دانیشتوانی گوندی ژینگەپارێزی \"نێ‌\"ی سەر بە شاری مەریوان بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە مەریوان، رێكەوتی 28ی خاكەلێوە بە دەسپێشخەریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و چالاكانی ژینگە، بە مەبەستی رێزلێنان لە كار و چالاكیی دانیشتوانی گوندی ژینگەپارێزی \"نێ‌\"، بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر رێوڕسمێك لەو گوندە بەڕێوە چوو.

لەو رێوڕەسمەدا لەلایەن ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان و هەروەها چالاكانی ژینگەپارێزی گوندی \"نێ‌\"یەوە چەندین بابەت و وتار لەمەڕ گرینگیی پاراستنی ژینگە و هەروەها رۆڵی ئاوایی نێ‌ لە پاراستنی ژینگە و دارستانەكانی كوردستان پێشكەش كران.

دواتر لەلایەن نوێنەری ئەنجومەنی سەوزی چیاوە لەوحی رێزلێنان بەخشرایە خەڵكی گوندی نێ‌، كە بە نوێنەرایەتیی خەڵكی گوند مامۆستا مەلا ساحیبی غەریبی ئەو لەوحەی وەرگرت.

نێواخنی رێوڕەسەسمەكە بە چەند پارچە شێعر كە لەلایەن شاعێرانی ئەو دەڤەرەوە ئامادە كرابووە، رازێنرایەوە.

گوندی \"نێ‌\"ی سەر بە شاری مەریوان بەپێی هەڵكەوتەی جوغرافیایی و بوونی دارستانی چڕوپڕی بەڕوو لە دەورووبەری و هەروەها نزیكیی لە گۆلی زرێبار، یەك لەو گوندانەی دەڤەری مەریوانە كە هەمیشە دانیشتوانەكەی لە پاراستنی ژینگەی دەورووبەردا رۆڵی ئەرێنییان گێڕاوە.

بەتایبەت لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا كە ئەنجومەنی سەوزی چیا وەك ئەنجومەنێكی ژینگەپارێز لە مەریوان دامەزراوە، دانیشتوانی نێ‌ لە راپەڕاندنی كارەكانی ئەو ئەنجومەنەدا زۆریان هاوكاری كردوون و لە كاتی ئاگر كەوتنەوەكاندا بۆ كوژاندنەوەوە زۆریان هەوڵ داوە و چەندین كەسێان لەو ئەنجومەنەدا چالاكن.

گوندی نێ‌ لە كار و چالاكییە فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانیشدا چالاك بوون و وەك یەكەم گوندی كوردستان دێتە ئەژمار كە ئەنجومەنی ئەدەبی تێدا دامەزراوە.