رێز بۆ ویستی خەڵک دابنێ و دەست لە کار بکێشەوە

15:09 - 24 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکی سەر ئاوەڵادا روو لە پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری پەروەردە بوو.

ئیجلال قەوامی وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە نامەیەکدا داوای لە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووە بۆ رێز دانان لە ویستی خەڵک و رای گشتی داوای لێبوردن بکات و دەست لەکار کێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت.

نوسخەیەک لەو نامەیە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە کە لێرەدا دەقەکەی وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:
جارێکی دیکە رووداوێکی گورچووبڕ لە گوندێک بە ناوی \"شیناوێ\"ی سەر بە پیرانشار کۆمەڵێک منداڵی چاوگەشی کردە قوربانی. ئەو منداڵانە لە گڕی ئاوردا نەسووتان بەڵکوو لە گڕی ئاوری کەمتەرخەمیی ئێمەدا ئاگریان گرت.

نوێنەرانی مەجلیس لە هەمبەر نابەرپرسی و کەمتەرخەمیی وەزیری پەروەردە ناڕەزایەتییان دەربڕی و خوازیاری لێپرسینەوەی بوون، بێ ئاگا لەوەی کە جارێکی دیکەش ویستیان ئەو کارە بکەن، بەڵام ئاوی سارد کرا بەسەر دەستیاندا.

نوێنەرانی مەجلیس بەهۆی ئەوەی کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەو چەشنە بابەتانە بکەن و مەجلیس لەمەڕ گەڕاندنەوەی ئەو کچە قوتابییانە بۆ ژیانی ئاسایی بەرپرسیارە.

لەلایەکی دیکەوە بێدەنگیی دەزگای قەزایی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا جێی سەرنجە، مەگەر نابینن گیان لەدەست ئەدەن و تووشی خەساری قەرەبوو نەکراوە هاتوون. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئاخۆ وەزیری پەروەردە چ کاتێک فێری چاوەدێری بەسەر باری ئەمنیەتیی قوتابخانەکانی وڵاتی ئێراندا دەبێت.

من وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆم لەگەڵ بنەماڵە و ئەو گوڵە ژاکاوانە، دیسان داوا لە وەزیری پەروەردە و بارهێنان دەکەم لە راستای رێز دانان بۆ ویست و رای گشتیی خەڵک، دەست لە کار کێشانەوەی خۆی رابگەیەنێت و ساڕێژی دڵی برینداری بنەماڵەی ئەو کچە قوتابیانە بێت.

ئیجلال قەوامی
وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان