رێكخراوی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ : هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریە منداڵانیان كردۆتە ئامانج

21:35 - 9 خاکەلێوه 2712
كوردپا: كۆمیسێری مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی سووریە دەستیان داوەتە ئەزیەت و ئازاری منداڵانی بێ‌ تاوان.

ناوی پیلای لێپرسراوی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە ماڵپەڕی بی بی سی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەتییەكانی حكوومەتی سووریە لە كوشت و كوشتاری هاووڵاتیان بەردەوامن و لەم دوایانەشدا منداڵانیشیان كردۆتە ئامانج.

ئەو رێكخراوەیە ئاشكراشی كردووە، بە سەدان منداڵ لە حاڵی حازردا لە زیندانەكانی سووریە لە ژێر ئەشكەنجەدان.

رۆژ لە دوای رۆژ بارودۆخی وڵاتی سووریە بەرەو خراپی دەروات و بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی كە دژبەرانی حكوومەتی سووریە بڵاویان كردۆتەوە، بەرپرسی رێكخراوی ئەمنیەتی ئاسمانیی دیمەشق بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان كوژراوە.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە نێت بە پشت بەستن بە سەرچاوەی دژبەرانی حكوومەتی سووریە بڵاوی كردۆتەوە، لە جەریانی هێرش و پێكدادانەكان كەلە نێوان دژبەران و هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریەدا ، سەرهەنگ \"ئەیاد مەندوو\"لێپرسراوی رێكخراوی ئەمنیەتی ئاسمانیی دیمەشق كوژراوە.

لەلایەكی دیكەشەوە كۆمیتەی ناوچەیی شۆڕشی سووریە رایگەیاندووە، لە شەڕ و تێكهەڵچوونەكانی رۆژی دووشەممەدا 70 كەس بەدەستی هێزە ئەمنیەتییەكانی سووریە بوونەتە قوربانی.