رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدامی چالاكێكی عەرەبی ئەهوازە

16:02 - 1 بانەمەڕ 2712
كوردپا: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كرد كە حوكمی ئیعدامی \"عارف حەمدیان\" چالاكی عەرەبی ئەهوازی هەڵبوشێننەوە.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەوەشی خستۆتە روو، بڕیارە حوكمی عارف حەمدیان رێكەوتی 2‌ی بانەمەڕی 1391 بەڕێوە بچێت.

حەفتەی رابردووش ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كار و باری مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە لێپرسراوانی حكوومەتی ئێران كردبوو حوكمی ئیعدامی ئەو چالاكە عەرەبە رابگرن.

عارف حەمیدیان كوڕی سەعید و تەمەن 25 ساڵ و و خاوەن ژن و مناڵ ساڵی پێشوو دەستبەسەر كراوە و پاش ماوەیەك راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی كاروونی ئەهواز، حوكمی ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤ لە ئەهواز لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە بە بنەماڵەی ئەم زیندانیە راگەیەنراوە بۆیان نیە لەگەڵ راگەیەنەكان قسە بكەن.

پێَشتریش بەشێكی‌تر لە لاوانی عەرەب حوكمی ئیعدام و زیندانیانیان بۆ بڕابۆوە.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهواز وەك كەمینە نەتەوەیەك لە ئێران لە ساڵی 1384ەوە دەستیان پێكردووە و هەتا ئێستا چەندین رووداوی شەڕ و ئاڵۆزی روویان داوە و لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا دەیان كەس لە چالاكانی سیاسی و مەدەنی و وەرزێڕانی ناوچە عەرەب نشینەكانی خوووزستان دەستبەسەر و چەندین كەسیش حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

لە چەند هێرشێكی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا چەند كەس لە هاووڵاتییانی عەرەبی ئەهواز كوژراون.