مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی مەتین فەرامەرزی، چالاکی فەرهەنگی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، مەتین فەرامەرزی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری "کوردپا"، ئەم هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە، لە پارکی "شێخ شەلتووت"ی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاندووە: ئەم چالاکوانە کوردە دوای دەسبەسەرکرانی، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مەتین فەرامەرزی کراون، لەبەر دەستدا نییە.
لە سیستمی سەرکوت و دەسبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بێبەشکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بووەتە بابەتێکی باو؛ دەسبەسەرکراوانیش لە شوێنە نادیارەکاندا بەتەواوی لە هەموو ئەم مافانە بێبەش دەکرێن.