كرێكارێكی كورد لە شاری سنە بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا

15:20 - 28 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: كرێكارێكی خەڵكی ناوچەی سەوڵاوا، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە شه‌قامی \"شبلی\"ی شاری سنە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: بەدیع عەبدوڵڵاهی تەمەن 27 ساڵ خەڵكی ئاوایی \"نەسەنار\"ی سەر بە سەوڵاوا بەهۆی رووداوی كارەوە لە شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا رایگەیاند، لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی رابردوودا بێجگە لەو هاووڵاتییە دوو كرێكاری دیكەش بە ناوەكانی سیروان عەبدوڵڵاهی و فەرهەنگ حەمیدی خەڵكی ئاوایی نەسەنار بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ناو بەناو بەهۆی رووداوی كارەوە كرێكارانی كورد گیان لەدەست دەدەن.

چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕە دان، ئیمەنی نەبوون و ناستاندارد بوونی كەرەستەكانی كار یەكێك لە هۆكارەكانی گیان لەدەست دانی كرێكارانە و لەلایەكی دیكەشەوە بیمە نەكردنی كرێكاران لە كاتی رووداوی وەك بریندار بوون یان مردندا كێشە بۆ بنەماڵەكانیشیان دێتە پێش.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا، بێجگە لەو سێ‌ هاووڵاتییەی ئاوایی\" نەسەنار\"ە، پێشتریش چەندین كرێكاری دیكەی كورد بە ناوەكانی بەهمەن سەفەری تەمەن 34 ساڵ و خەڵكی گوندی \"گورگان\"ی سەر بە شاری كامیاران ـ واحید ئابادیان كرێكاری ئارماتۆر بەند و دانیشتووی گەڕەكی \"باخی شایگان\"ی مەهاباد ـ محەممەد ئەحمەدپوور تەمەن ٦٥ساڵ و خەڵكی سنە - نەبی میری ٦٥ساڵ و خەڵكی سنە ـ زانیار مورادی كرێكاری بیناسازی، لە جادەی ساحیلیی سنە ـ فەتحوڵڵا سوهرابی تەمەن ٦٠ ساڵ ـ غاڵب زارعی ـ سەلاح قاسمی، تەمەن ٣٥ ساڵ و كرێكاری پڕۆژەی \"مسكن مهر\" ـ عەبدوڵڵا توركەمان خەڵكی گوندی \"میلان\"‌ی سەر بە شاری ماكۆ و كرێكار لە كارگەیەكی بەخێو كردنی پەلەوەر و عەلیمحەممەد ساڵح قاتع، خەڵكی سەقز كرێكار لە كانگایەكی بەرد، بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.