كرێكارانی شارەوانیی پاوە، بانگەوازی هاوكاری كردنیان بڵاو كردەوە

14:32 - 16 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی كوردپا: پێرسۆنێلی خزمەتگوزای شارەوانیی پاوە لە هەوڵێكی فەرهەنگیدا داوایان لە هاووڵاتیانی ئەو شارە كردووە كە هاوكاری ئەو شارەوانییە بكەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی ١٤ی خاكەلێوە، كرێكارانی بەشی \" لێزان سەنعەتی گەڵاڵە\" لە رێپێوانێكی هێمنانە و بە هەڵگرتنی نووسراوە و پلاكارد، خوازیاری هاوكاری كردنی هەرچی زیاتری هاووڵاتیانی كورد لەگەڵ پێرسۆنێلی ئەو ئیدارەیە بوون.

فاتێح گەڵاڵی سەرپەرەستی كۆمپانیای خزمەتگوزاری \"لێزان سەنعەتی گەڵاڵە\" ئامانج لەو رێپێوانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ هاوكاری هەر چی زیاتری هاووڵاتیان لەگەڵ كرێكارانی شارەوانی شاری پاوە.

ئەو سەرپەرەستە باسی لەوەش كرد، ئەو رێپێوانە بەدروشمی \" بۆ دروستكردنی گوڵستانێكی شیاو و جوان بەڵێنمان داوە، لەو پێناوەدا پێویستیمان بە هاوكاری ئێوە هاووڵاتیانی خۆشەویست هەیە\" بەڕێوە چوو.

شارەوانی پاوە لەساڵی ١٣٣٨ دامەزراوە و لە بواری خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان چالاكی هەیە.

شارستانی پاوە لە ئوستانی كرماشان هەڵكەوتووە و ٥٩ هەزار كەس حەشیمەتی هەیە.