كرێكارانی شارەوانی كرماشان لە بارودۆخی كاركردنیان ناڕازین

13:38 - 12 بەفرانبار 2711
كوردپا: كرێكارانی شارەوانی كرماشان لە بارودۆخی كار كردنیان و مووچەی مانگانەیان ناڕازین و لە ترسی ئەوەی كە لە سەر دەرنەكرین توانای دەربڕینی ئیعترازییان نیە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری یەكێك لەو كرێكارانەوە بڵاوی كردەوە، ئێمە مووچەی مانگانەمان 340 هەزارتمەنە و لە كۆتایی هەر مانگیدا كە دەچین بۆ وەرگرتنی ئەو مووچەیە بەڵگەنامەیەكیشمان پێ‌ئیمزا دەكەن.

ئەو كرێكارە ئاشكراشی كردووە، لەو بەڵگە نامەیەدا هاتووە كە ئێمە خوراكی بنەماڵەكانیشمان وەردەگرین، ئەمە لە حاڵیكدایە كە هەتا ئێستا هیچ شتێكمان وەرنەگرتووە.

كرێكاری تر كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاندووە، هەر دوو مانگ جارێك ئێمە دەبێ‌پێناسەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانمان ببینە كومپانیای بەڵێندەر و مووچەی مانگانەمانی پێ‌وەربگرین.

بەوتەی ئەو كرێكارە، كومپانیای بەڵێندەر كە ئێمە كاری بۆ دەكەین لەبەر ئەوەی كە ناوی كرێكارەكان لە ئێدارەی بیمە تۆمار نەكرێت ئەو كارە دەكات و ئێمەی لە مافی بیمە بوون بێبەش كردووە.

چەند كرێكاری دیكە وتیشان، لەبەر ئەوەی كە لە سەر كار دەرنەكرێن بە ناچاری بێدەنگیمان لە هەمبەر ئەو زوڵمەدا هەڵبژاردووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستە ڕوو، بارودۆخی كرێكارانی گرێبەست تەنیا لە كرماشان لە خراپی دا نییە و بەڵكوو ئەو بارودۆخە ناڵەبارە كرێكارانی شارەوانی شارەكانی جوانرۆ و هەرسینیشی لە پارێزگای كرماشان گرتۆتەوە.

لێپرسراوی گشتیی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی پارێزگای كرماشان لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەو كرێكارانە دەتوانن بۆ بەدوادا چوون بە بارودۆخی بێمەكانیان سكاڵە بە دژی كومپانیای بەڵێندەر تۆمار بكەن.