كرێكارانی كارگەی چنینی \" پەڕڕیس\"‌ی سنە ماوەی پێنج مانگە هەقدەستیان وەرنەگرتووە

15:38 - 7 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: زیاتر لە سی كرێكاری كارگەی چنینی پەڕڕیسی سنە بە هۆی دواكەوتن و وەرنەگرتنی مووچەی پێنج مانگ، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی گەلاوێژەوە ٣٢ كرێكاری چنینی پەڕڕیس مانیان گرتووە و ئامادە نەبوونە بچنە سەر كارەكانیان.

ئەو كرێكارانە بە هۆی وەرنەگرتنی مووچەی ٥ مانگیان دەستیان بەو مانگرتنە كردووە و لە ئیدارەی كاری شاری سنەش سكاڵایان لەسەر خاوەن كارەكەیان تۆمار كردووە. ئەو كرێكارانە بێجگە لە وەرنەگرتنی مووچەی پێنج مانگیان، لە جێژنانەی ساڵەكانی ٩١ و ٩٢‌ش بێبەری كراون.

هەر لەو باریەوە \" یەکیەتیی ئازادی کرێکاران\" بڵاوی كردبۆوە، خاوەنكاری كارگەی پەڕڕیس زۆر بێ‌منەتانە وڵامی داواكاریی كرێكارنی داوەتەوە و پێی گوتوون، هەر كارێكی لەدەستان دێت بیكەن.

لەهەمبەردا كرێكاران رایانگەیاندووە؛ ئەگەر كێشەكانمان لە رێگەی ئیداری كار و ناوەندە پێوەندارەكانەوە چارەسەر نەكرێن، ئەوە رێگەی دیكە دەگرینە بەر.

لەلایەكی دیكەوە خاڵی سنووری پەروێزخان لە قەسری شیرین مەترسیی داخرانی یەكجارەكی لێ‌دەكرێ‌و ئێستاش لە دۆخی نیوە داخراو دایە.

لەحاڵی حازردا نزیک بە شەش هەزار شۆفیر، بازرگان، كرێكار و كاسپكار بە هۆی چالاک نەبوونی خاڵی سنووریی پەروێزخانەوە بێكار بوون و ئەو دۆخە ناڕەزایەتێكی زۆری لەنێو ئەو چین و توێژانەدا درووست كردووە.