رۆژی زمانی زگماكی و ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هەژار لەئاوایی \"نێ‌\" بەرز راگیرا+وێنە

13:36 - 3 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: لە گوندی \"نێ‌\"‌ی سەر بە شارستانی مەریوان رێوڕەسمێک بەبۆنەی رۆژی زمانی زگماكی و ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مامۆستا هەژار شاعیر و نووسەری بەناوبانگی كورد بەڕێوەچوو.


‌بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەشاری مەریوان، رۆژی هەینی رێكەوتی ٢ی رەشەمە دانیشتوانی ئاوایی نێ‌بەمەبەستی گرینگدان بە زمانی دایكی وهەروەها رێز گرتن لەخزمەتەكانی مامۆستا هەژار رێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد و تێیدا پێش نوێژی ئەو ئاواییە لەسەر ئەو دوو بابەتە بۆ بەشداران دوا.

چالاكانی فەرهەنگیی كورد ماوەی چەندین ساڵە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا رۆژی ٢ی رەشەممە بەرز دەنرخێنن و هەروەها لەو رۆژەدا چالاكیش بەڕێوە دەبن.

بە وتەی ئەو چالاكانە، ماوەی ٣٥ ساڵە دەسەڵاتدارنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران رێگەیان بە خەڵكی كورد و باقی نەتەوەكانی دیكەی ئێران نەداوە، كە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بە بەردەوامیش وتوویانە زمانی كوردی شوناسی نەتەوەی كوردە و بە هیچ دەسەڵاتێک لەناو ناچێت.

ساڵی ١٩٩٩ی زایینی لەسەر پێشنیاری وڵاتی بەنگلادێش لە یاسای بنەڕەتی رێكخراوی یۆنسكۆدا، رۆژی ٢١ی فێوریە بەرامبەر بە ٢ی رەشەمە وەك رۆژی جیهانی زمانی زگماكی دیاری كرا.

لە رێوڕەسمی رۆژی زمانی دایک و ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هەژار، ژمارەیەكی بەرچاو چالاكی فەرهەنگی و دانیشتوانی ئاواییەكانی دەورووبەریی شاری مەریوان بەشداربوون و لە رێوڕەسمەكەدا ژیاننامەی مامۆستا هەژار بڵاو كرابۆوە.

مامۆستا هەژار( عەبدولرەحمانی شەرەفكەندی) ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی( ١٩٢١)ی زایینی لەگوندی تەرەغەی سەربە شاری بۆکان لە دایک بووە و لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە سۆزی دایكی بێبەش بووە و لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە تامی سەخڵەتی و تاڵی ژیانی چێشتووە.

\"عەبدولرەحمانی شەرەفكەندی\" دواتر دەبێتە یەكێک لە شاعیران و وەرگێڕانی خاوەن رێچکە و بەناوبانگەکانی كورد و تەنانەت لە ناو فارسەكانیشدا جێگەی خامەكەی دیار و بەرچاوە.

مامۆستا هەژار لەماوەی تەمەنی ئەدەبیی خۆیدا خاوەنی چەندین بەرهەمی كوردی و فارسییە كە بریتین لە:

ـ بەیتی سەرە مەڕ، لە ١٩٥٧ لە شام چاپیكردووە.
ـ چێشتی مجێور
ـ ئاڵە كۆک
ـ مەم و زین
ـ بۆ كوردستان\" دیوانی هەژار، ١٩٦٥\"
ـ شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی
ـ چوارینەكانی خەیام
ـ مێژووی ئەردەڵان
ـ شەرحی دیوانی مەلای جزیری
ـ تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
ـ روابط فرهنگی ایران و مصر
ـ قانون در طب و ... هتد

مامۆستا هەژار رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢ی رەشەممەی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی (١٩٩١) ماڵئاوایی لەژیان كرد و تەرمەكەی لەشاری مەهاباد و لە گۆڕستانی \"بوداغ سوڵتان\" لە تەنیشت گۆڕی مامۆستا \"هێمن\"‌دا ئەسپەردەی خاک كرا.
\"18443.jpg\"

\"18439.jpg\"

\"18441.jpg\"

\"18440.jpg\"