رۆژی جیهانی منداڵان و ژینگەپارێزی لەشارەکانی بۆكان و بانە بەرز راگیرا+وینە

14:59 - 17 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆڕی فێركاریی و فەرهەنگیی ئەدەب لەشاری بۆكان لەدوو چالاكیی جیادا رێزی لەرۆژی جیهانی منداڵان و هەروەها رۆژی جیهانی ژینگەپارێزی گرت و هەروەها لەشاری بانەش چالاكیی ژینگەپارێزی بەڕێوە چووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی جیهانی منداڵان لەبنكەی كۆڕی فێركاری ـ فەرهەنگیی ئەدەب بەبەشداریی منداڵان و ژمارەیەك چالاكیی فەرهەنگی و بەشێك لە بنەماڵەكان بەڕێوە چوو.

ئەو كۆڕە بەمەبەستی رێز گرتن لە ١٦‌ی جۆزەردان رۆژی جیهانی منداڵان پێكهاتبوو، کە تێیدا بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەب چەند وتەیەكی پێشكەش كردووە و خەڵات بەسەر منداڵانیشدا دابەش كراوە.

لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەک دۆست و لایەنگری ژینگەپارێز بەهاوكاری كۆڕی فێركاری ـ فەرهەنگیی ئەدەب دەورووبەریی سەیرانگای \"خوڵا ماڵی\"‌یان خاوێن كردۆتەوە.

ئەو چالاكییە رۆژی هەینی رێكەوتی ١٦‌ی جۆزەردان بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژینگەپارێزی بەڕێوە چوو، ئەو سەیرانگایە لەزبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن كرایەوە.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵی ١٩٧٢ لە كۆنفرانسێكدا كە بە \"كونوانسیۆنی ئێستكهۆڵم\" ناسراوە رۆژی ٥‌ی ژوئەنی هەموو ساڵێكی بەرۆژی جیهانی ژینگەپارێزی ناودێڕكردووە. لەئێران ١٥ هەتا ٢١‌ی جۆزەردان وەكوو حەفتەی ژینگەپارێزی دیاری كراوە.

هاوكات لەگەڵ رۆژی جیهانی ژینگەپارێزی لەشاری بانەش چالاكیی ژینگەپارێزی بەڕێوە چووە و ژمارەیەک لە لایەنگرانی ژینگە سەرجەم پێدەشت و دەورووبەریی ئاوایی \"ساوان\"‌ی بانەیان خاوێن كردۆتەوە.

ئەو گرووپە ژینگەپارێزییە لەشاری بانە بە مەبەستی فەرهەنگسازی لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٣وە لەژێر ناوی \"كۆبوونەوەكانی خاوێنكاری شاری بانە\" دەستی بە چالاکی کردووە و ماوەی دوو مانگ لەمەوبەریش چالاكییەكی دیكەی ژینگەپارێزییان بەڕێوە بردبوو.
\"20370.jpg\"

\"20371.jpg\"

\"20372.jpg\"

\"20373.jpg\"

\"20374.jpg\"