رۆژنامەنووسێکی کورد لە پاوە، پاش ١ ساڵ زیندانی لە تۆمەتەکانی بێبەری کرا

13:47 - 23 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری پاوە، کە چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە دادگەیی کرا، بەبێ تاوان ناسرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەیفوور حاتەمی چالاکی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە بە تۆمەتی بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی لاوێکی نەوسوودی بە دەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دادگەیی کرا.

تەیفوور حاتەمی، بە تۆمەتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لاوێکی کورد بەدەستی هیزە ئینتزامییەکان، ماوەی ١ ساڵ لە زینداندا بوو کە سەرئەنجام کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی سالی رابردوو بە دانانی بارمتەیەکی ٢٥٠ ملوێن تمەنی مەرەخەسیی پێدراو چەند رۆژ پێش ئێستا بەبێ تاوان ناسرا.

ئەو چالاکە رۆژنامەنووسییە، پاییزی ساڵی ٩٢ زیاتر لە ٥ جار لەلایەن ئیتلاعاتی شاری پاوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی کەسێک بەناوی ئیحسان پەیام لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو.

ئێحسان پەیام تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی نەوسوود، رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ ، لە کاتێکدا لە خاڵی سنووریی \"شۆشمێ\" بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە، له رێگەی پاوە بۆ نه‌وسود، بەدەستی هێزە چەکدارەکانی پاسگای مەلاندەر گیانی لێ ئەستێندرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ تەیفوور حاتەمی، کە وێنەگر و هەواڵنێری کەناڵی سەحەر بووە، بە تۆمەتی ئەوەیکە هەواڵی کوژرانی ئەو لاوەی خەڵکی نەوسوودی لە ئاژانس و سەرچاوە مافی مرۆڤییەکاندا بە میدیایی کردۆتەوە، لەسەر کارەکەشی، کە پەیامنێری کەناڵی سەحەر بووە، دەرکراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە تێکڕای ژمارە حیسابی بانکی و ژمارە تەلەفۆنەکانیشی داخراون.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە، بڕوانامەی لیسانسی لە زمان و ئەدەبیاتی فارسیدا هەیە و دەیان راپۆرت و هەواڵی وێنەیی لە ماڵپەڕەکانی شاری پاوەدا بڵاو کردۆتەوە.