رۆژنامەنووسێکی مەهابادی بۆ تێپەڕاندنی ٢ ساڵ زیندانی رەوانەی زیندان کرا

14:51 - 10 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد پاش ئەوەی لە دادگای پێداچوونەی ئوستانی ئازەربایجانیی رۆژئاوادا حوکمی زیندانییەکەی پشتڕاست کرایەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قاسم ئەحمەدی رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی بۆ پشتڕاست کرابوویەوە، لەرۆژانی رابردوودا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای شاری مەهاباد ناساند.

\"17625.jpg\"
قاسم ئەحمەدی رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا
ئەو چالاکە فەرهەنگییە، کە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی بۆ بڕدرابۆوە، هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ماوەی ئەو حوکمە تێپەڕ دەکات.

ناوبراو پاش ئەوەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لەلایەن دادسەرای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بەدژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و سەرئەنجام دادگای پێداچوونەوەی ورمێ ماوەی ٢ ساڵ لەو حوکمەی بۆ ناوبراو پشتڕاست کردەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ لەدرێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەستبەسەر و پاش نزیک بە ٢٠ رۆژ لە دەستبەسەری، بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

قاسم ئەحمەدی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی پێشوو و هەروەها سەرنووسەری پێشووی وەرزنامەی خوێندکاریی \"رۆژەڤ\" بوو کەلە زانکۆی تاران بڵاو دەکرایەوە، ئەو وەرزنامەیە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگیی زانکۆی تارانەوە پێش بە وەشانی گیرا.