رۆژنامەنووسێکی لاوی خەڵکی شاری سنە لەشاری سلێمانی ماڵاوایی لەژیان کرد

15:46 - 21 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژنامەنوسێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کورد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کیومەرس مەنسووری کوڕی حوسێن رۆژنامەنووسی کورد کە ماوەی چەندین ساڵ بوو لە شاری سلێمانی لە کەناڵەکانی راگەیاندن کاری دەرکرد، شەوی رابردوو بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا ماڵاوایی لەژیان کرد.

\"17333.jpg\"
کیومەرس مەنسووری بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە ماڵاوایی لەژیان کرد
ساڵی ٢٠١١ نەخۆشیی شێرپەنجە بەرۆکی \"کیومەرس مەنسووری\"ی گرت و چەندین جار بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی سەردانی وڵاتانی تورکیە و سووریەی کرد، کە سەرئەنجام شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز بەهۆی کاری بوونی نەخۆشییەکەیەوە تووشی خوێنبەربوون هاتبوو و گیانی لەدەست دا.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵكی شاری سنە کە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتبوو، خێزاندار و باوکی کچێکی بچووک بوو کە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە لەلایەن کەسانی خێرخوازەوە لە هەرێمی کوردستان یارمەتیی ماڵی بەمەبەستی تێچووی نەخۆشییەکەی دەکرا.

کیومەرس مەنسووری ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی لەژێر فشاری دەزگا ئەمنییەکاندا زێدی خۆی بەجێهێشت و لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان گیرسایەوە و نزیک بە ١٠ ساڵ لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان وەکوو میدیاکار سەرقاڵی کارکردن بوو.

تەرمی کییوومەرس مەنسووری سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.