رۆژنامەنووسێکی دیکەی کورد بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵات کرد

15:05 - 28 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: مەنووچێهر پۆڕدڵ رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، پاش ئەوەی حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

مەنووچێهر پۆڕدڵ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ \"دادگای پێداچوونەوەی ورمێ هیچ گۆڕانێکی لە حوکمەکەی مندا پێک نەهێنا و حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی کرانی بۆ پشتڕاست کردمەوە و رۆژی ٢٦ی خەرمانان ئەو حوکمە بە پارێزەرەکەم راگەیەندرا\".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە باسی لەوەش کرد،\"دادگای شاری مەهاباد بەبێ ئامادەبوونی خۆم و تەنانەت پارێزەرەکەشم، حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی کرانی بەسەر مندا سەپاند و بە پێی ئەو تاوانانەی کە درابوویە پاڵ من چاوەڕوانی زیاد کردنی ئەو حوکمەم دەکرد، بۆیە ناچار بووم کە زێدی خۆم بەجێ بێڵم و ئێستا وەک پەنابەر رووم لە وڵاتی تورکیە کردووە\".

\"15462.jpg\"
مەنووچێهر پۆڕدڵ چالاکی فەرهەنگی، ئەندامی رێکخراوی \"بەڵگە میللییەکانی ئێــران\" و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران
دادگای شاری مەهاباد تاوانی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆبوونەوە و هەوڵدان بە دژی \"نیـزام\"ی دابوویە پاڵ ئەو چالاکە فەرهەنگییە و لە ئەنجامدا حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

\"مەنووچێهر پۆڕدڵ\" کوڕی مەحموود، چالاکی فەرهەنگی، ئەندامی رێکخراوی \"بەڵگە میللییەکانی ئێــران\" و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران، رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی رۆژنامەنووسان و چالاکی فەرهەنگیی کورد، دەستبەسەر و پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەیەکی ٦٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەو ئەندامەی رێکخراوی بەڵگە میللییەکانی ئێــران رایگەیاند؛ دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بەبیانووی ئەوەی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر کۆماری کوردستان بووم، تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حێزبە کوردییەکانی دایە پاڵم و ئەندامەتیی منی لەو رێکخراوەدا هەڵوەشاندەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی وەک: \" رزگاری، ئامانج و ئاوات\"ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە و هەروەها کتێبی \"بەفرین و حەوت فیچقلییەکان\"ـی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.