رۆژنامەنووسانی کورد لەدۆخی چاپەمەنیی کوردستان نیگەرانن

15:31 - 17 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی کورد سەردانی مامۆستا محەمەد سیڕاجەدینی سەرنووسەری بڵاڤۆکی \" نور اسلام\"‌یان کرد و رێزییان لێ‌گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەو چاوپێکەوتنەدا رەخنە لەبارودۆخی چاپەمەنیی کوردی لە دەورانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدا گیراوە و ئەو دۆخەیەیان بە درێژکردنەوەی \" سەردەمی ئەحمەدی نژاد\" وەسف کردووە.

چاوپێکەوتن و سەردانەکە بە مەبەستی رێزگرتن لە ٥٠ ساڵ کاری بەردەوامی محەمەد سیڕاجەدینی توێژەر لەبیاڤی دین و چالاکی بواری چاپەمەنی کوردستان ئەنجام دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، زیاتر لە ١٠ کەس لە خامە بەدەستانی بواری چاپەمەنی لەو سەردانەدا بەشدار بوون و تێیدا باسیان لە بایەخ‌نەدانی دەوڵەت بە دۆخی چاپەمەنی و کێشەی ماڵیی و ئەمنیەتی کردووە.

\"24587.jpg\"
مامۆستا محەمەد سیڕاجەدینی سەرنووسەری بڵاڤۆکی \" نور اسلام\"‌
سەرچاوەکە لە زمان مامۆستا سیڕاجەدینییەوە کە بڵاڤۆکەکەیان لە سەردەمی ئەحمەدی نژادا وەشانی راگیرابوو وتی: بە داخەوە چاپەمەنی و رۆژنامەنووسانی کورد هیچ قەدر و حورمەتێکیان نیە و هیوادارم لە سەردەمی رۆحانیدا کرانەوەیک بەدی بکرێت.

مانگنامەی \"نوور ئیسلام\" دوای ٣٥ ژمارە، لەساڵی ٨٨وە راگیراوە و بڕیارە بەم نزیکانە ژمارەی ٣٦ی چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

لەو چاوپێکەوتنەدا بەرپرسی گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئوستانی کوردستان و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەو ناوەندە، پەیوەست بەو سەردانە بوون و بەڵێنیی ئەوەیان داوە کە بەستێنێک بۆ کاری رۆژنامەنووسی لە کوردستان خۆش بکەن.

بڵاوبوونەوەی شێوەی و رێنێوینییەکانی نوێژ کردن، نووسین و بڵاو کردنەوەی رێگەکانی پەرەپێدان بە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی، نووسینی کتێبی \" نێونامە( ناوی کوردی بۆ منداڵان)\"، نووسینی ٢٤ بەرهەمی ئەدەبیی، دینی و داب و نەریتی تایبەت بە خەڵکی کوردستان لەکارەکانی مامۆستا سیڕاجەدینین.

مەسعوود ئەحمەدی، هەیبەت هەرس ماڵی، فەیزوڵڵاپیری، ئیجلال قەوامی، فەردین کەمانگەر، لەتیف حوسێنی نەسەب و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی دیکە لەو چاوپێکەوتنەدا بەشدار بوون.