رۆژنامەنووس وچالاكێكی سیاسیی كورد بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت

21:17 - 28 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی سیاسیی كورد، كە هاوكات سەرنووسەری رۆژنامەی ئاشتی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بوو پاش زەخت و گوشار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە، بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە وتووێژێكدا لەگەڵ عەبدولڕەحمان بەربەری زانیاریی زیاتر و وردتری لەو پێوەندییەدا وەرگرت.

عەبدولڕەحمان بەربەری ساڵی 1383 وەكوو سەرپەرەستی رۆژنامەی ئاشتی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستی بە چالاكی كردووە و دوای داخرانی ئەو رۆژنامەیە وڵاتی بەجێهێشتووە و رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و دوای ماوەیەك بەوتەی خۆی كە پێویست بووە چالاكییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان بگوازێتەوە گەڕاوەتە كوردستانی ئێران و دوای ئیزن پێدان بەبڵاوكردنەوەی رۆژنامەی راگیراوی ئاشتی، ئەو چالاكە سیاسیە وەكوو سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە كاری كردووە.

بەربەری وتی: \"ساڵی 1390 بەبێ هیچ هۆكارێكی بەڵگەمەند لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر كرام و رەوانەی دادگای ئینفلابی شاری مەهاباد كرام\".

ئەو چالاكە سیاسیە وتیشی: \"لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە هەوڵ دان بەدژی تەناهی وڵات و پڕوپاگەندە تاوانبار و رەوانەی گرتنگەی ئێدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد كرام\".

عەبدولڕەحمان بەربەری لەدرێژەی لێداونەكەی بۆ ئاژانسی كوردپا ئاشكرای كرد، دوای ماوەیەكی كورت راگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا و دواتریش زیندانی ناوەندی، بە دانانی وەسیقەی 350 میلیون تمەن ئازاد كرام.

ئەو چالاكە سیاسییە لەو باوەڕەدایە كە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە زەخت و گوشارێكی زۆر خراوەتە سەر چالاكانی سیاسیی و فەرهەنگی و یەك لەو چالاكانەش عەبدولرەحمان بەربەری بووە.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە هۆكاری زەخت و گوشارەكانی ناوەندە ئەمنییەتییەكانی بۆ سەر خۆی گەڕاندەوە بۆ نووسینی كتێبێك بە ناوی \"مێژووی كورد\".

عەبدولرەحمان لەدرێژەی قسەكانیدا وتی: \"كتێبی مێژووی كورد بە زمانی فارسی و بە قەڵەمی خۆم نووسراوە و هەتا ئێستاش چاپ و بڵاو نەبۆتەوە\".

عەبدوڵرەحمان بەربەری لەدایك بووی ساڵی 1355 وخەڵكی شاری مەهابادە
ـ سەرنووسەری رۆژنامەی ئاشتی لە شاری ورمێ بووە
ـ خاوەنی چەندین كتێب و پەرتۆك بە زمانی كوردی و فارسییە